ڕوونکردنەوەیەک لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانەوە بۆ کەناڵ8
مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی زەوییەکی ئەو حیزبە لە هەولێر ئاڕاستەی کەناڵ8 دەکات و دەڵێت، ڕووبەری زەوییەکە 5 دۆنمە، نەک 40 دۆنم و ڕێکارەکانیشی یاسایین.
ڕوونکردنەوەیەک بۆ کەناڵ8
لە ڕوونکردنەوەیەکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکگرتوودا هاتووە، " بە هەر سێ پارچەکە 5 دۆنمە نەک 40 دۆنم، ئەمەش مافێکە وەک هەموو حیزبەکانی دیکە کە زەوییان بۆ تەرخانکرا بۆ دروستکردنی بارەگا".
هۆکاری دواکەوتنی پڕۆژەکە
لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەو بابەتە بۆ چەندین ساڵ دەگەڕێتەوە کە ئەو کات بۆمان نەکرا زوو بچین بەدەم بەکارهێنانی زەوییەکانەوە، تا ماوەی چەند ساڵێک، دواتر کێشەی ڕۆتینی بۆ دروستبووبوو، ئێستا خەریکی ڕاستەڕێکردنی پرۆسەکەین".
ڕەتکردنەوەی مەرجی سیاسی
ئەوەشخراوەتەڕوو، کە " دوور و نزیک پەیوەندیی بە مەرج و داواکاریی سیاسییەوە نییە و هەرگیز لەسەر مافی خۆمان مەرج و باج قبووڵ ناکەین، لە کاتێکدا هەموو حیزبەکان ئەو مافەیان هەبووە. بە شانازیشەوە لە هەموو کوردستاندا بستێک زەوی و موڵکی دەوڵەتی لای یەکگرتوو نییە!".
ڕێکارە یاساییەکان
لەبەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەی یەکگرتوودا باسی ئەوەکراوە، " ئەو چیرۆکەش گوایە چەند جار و چەند شاند چووین بۆ ئەو باسە، هیچ ئەساسێکی نییە، بەڵکو ئەوە کاری ئاساییی پارێزەرەکەمانە و، ڕێکاری یاسایی و ئاساییی خۆی ئەنجام دەدات و، پێویستی بە تکا و ڕەجا نییە و منەتی تێدا نییە!".
ڕەخنە لە شێوازی بڵاوکردنەوەکە
یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشکردەوە، "نەدەبوو ئەو کەناڵە بەڕێزە بەو شێوەیە پشت ببەستێت بە زانیاریی ڕاستنەکراوە و زانیاریی هەڵە، لێکدانەوەی نەشیاو لەسەر بابەتێکی حقووقیی ڕوون بڵاوبکاتەوە".
3 کاتژمێر پێش ئێستا