کەمئاوى لە وەرزى هاوین کێشەیەکى بەردەوام و بێ چارەسەر؛ کڕینی ئاو بە تانکەر و بارگرانی بۆ هاونیشتمانیان

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کەمئاوى لە وەرزى هاوین کێشەیەکى بەردەوام و بێ چارەسەر
کەمئاوى لە وەرزى هاوین کێشەیەکى بەردەوام و بێ چارەسەر

سەرەڕای وەرزێکی باراناوی، لەگەڵ دەستپێکی گەرمای هاویندا قەیرانی کەمئاوی لە چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە. نەبوونی تۆڕی ئاو و پشتبەستن بە تانکەرە ئەهلییەکان، لە کاتێکدا دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە، بارگرانییەکی دارایی و تەندروستی گەورەی بۆ هاونیشتمانییان دروست کردووە و نیگەرانییەکانی لەبارەی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان زیاتر کردووە.

پێشبینییەکان و ڕاستییەکان

هەرێمی کوردستان ئەمساڵ زستان و بەهارێکی تەڕوتووشی بەڕێ کرد، چاوەڕوان دەکرا هاوینەکەی کەمئاوی بەرۆکی هاونیشتمانییان نەگرێت، بەڵام حیساباتەکە وادەرنەچوو. لەگەڵ ئەوەی وەرزی هاوین تەنیا 20 ڕۆژی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام کەمئاوی لە چەند ناوچەیەک سەریهەڵداوە.

نەبوونی ژێرخانی ئاو لە گەڕەکەکاندا

لە ناو سەنتەری شار، شارۆچکە و شارەدێیەکان لە بەشێک لە گەڕەک و کۆڵانەکان تاوەکو ئێستا تۆڕی ئاوی خواردنەوە دروست نەکراوە، هاونیشتمانییان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بە تانکەر ئاو دەکڕن یان سوود لە ئاوی بیرەکان وەردەگرن، یاخود لە ڕێگەی تانکەرەکانی شارەوانییەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێت.

مەترسییە تەندروستییەکان و ناجێگیریی نرخ

هاونیشتمانییان لە کاتی کڕینی ئاو بە تانکەر ڕووبەڕووی چەند گرفتێک دەبنەوە، لەوانە دڵنیانین لە خاوێنیی ئەو ئاوەی دەیکڕن، تانکەرەکان نرخیان جیاوازە و زۆرجار شۆفێرەکان بە ئارەزووی خۆیان نرخ دیاری دەکەن.

گەرما و کاریگەریی فێنککەرەوەکان لەسەر بەکارهێنان

لە وەرزی هاوینیش بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما و بەرزیی نرخی کارەبا لە پڕۆژەی ڕووناکی، هاونیشتمانییان بە بەردەوامی کار بە مووبەریدە دەکەن و زۆرینەی ئەو مووبەریدانەشی کە ئێستا لە بازاڕەکاندان ئاوێکی زۆریان پێویستە؛ خێزانێکی 4 کەسی لە شەو و ڕۆژێکدا چەند ئاویان بۆ خۆیان پێویست بێت، نزیکەی ئەو بڕە ئاوەشیان بۆ مووبەریدەکەیان پێویستە و ئەمەش وای کردووە خواست لەسەر ئاوی تانکەرەکان زیاتر بێت و بەو هۆیەوە نرخ بە بەردەوامی لە وەرزی هاوین بەرز دەبێتەوە.

بارگرانیی دارایی و دواکەوتنی مووچە

ئەو ئاوەشی کە بە تانکەرەکانی شارەوانی دەدرێتە هاونیشتمانییان لە هەفتەیەکدا 1 جارە و ئەمەش وا دەکات هەر خێزانێک پێویستیان بەوە بێت خۆشیان جارێک ئاو بکڕن. ئێستاش کە دۆخی هاونیشتمانییان لە ڕووی داراییەوە خراپە و دابەشکردنی مووچە زیاتر لە 40 ڕۆژی بەسەردا تێپەڕیوە، کڕینی ئاو بارگرانییەکی دیکە بۆ هاونیشتمانییان دروست دەکات.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا