مهر هەواڵی تەقینەوەی لە چەند ناوچەیەکی باشووری ئێران بڵاوکردەوە

دانیار فاروق 3 کاتژمێر پێش ئێستا
شارى بوشەهر
شارى بوشەهر

ئاژانسی مهر هەواڵی تەقینەوەی لە چەند ناوچەیەکی باشووری ئێران بڵاوکردەوە و ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی وڵاتەکەش (ئیرنا) ڕایگەیاند، ئێوارەی پێنجشەممە مووشەکێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی بەر بارەگایەکی سەربازیی لە دەرەوەی شاری بوشەهر کەوتووە.

پارێزگارى بوشەهر: تاقیکردنەوەى سیستمى بەرگریی بووە

ئیرنا لە زاری ئیحسان جەهانیان جێگری پارێزگاری بوشەهرەوە گواستوویەتییەوە، دەنگی ئەو تەقینەوانەی لە بوشەهر بیستراون بەهۆی تاقیکردنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بوون و گوتوشیەتی، بنکەیەکی سەربازیی لە دەرەوەی شارەکە بە مووشەک هێرشی کراوەتە سەر کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئاڕاستەکراون.

هێرش بۆسەر پێگەى سەربازی

هەروەها ئاژانسی ئیرنا لە زاری بەرپرسێکی ناوخۆییەوە پشتراستیکردووەتەوە، کە پێگەیەکی سەربازیی هێزی دەریایی ئێران لە کونارک هێرشی کراوەتە سەر.

ئەمریکا بەدرۆى دەخاتەوە

بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو سوپای وڵاتەکەی هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر ئێران.

ئێران ڕەتیدەکاتەوە

هەروەها تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، هەواڵی ڕوودانی تەقینەوەی لە بەندەر عەباس ڕەتکردەوە.

میدیاى ئێران باس لە تەقینەوەکان دەکات

ئەوە لە کاتێکدا ئاژانسی میهر، هەواڵی تەقینەوەی لە چەند ناوچەیەکی باشووری ئێران بڵاوکردەوە لەوانە، لە شارەکانی بوشەهر کە وێستگەی ئەتۆمی لێیە و لەگەڵ شارەکانی کونارک و چوغادک.

90 ئامانج لەناو خاکى ئێران کرانە ئامانج

شەوی پێشتریش ئەمریکا نزیکەی 90 ئامانجی لەناو خاکی ئێران بۆردوومان کرد کە بە گوێرەی ڕاگەیێنراوی سێنتکۆم، لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئێران بووە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هوورمز.

ئامارى کوژراو و برینداران

میدیای ئێران ئاماژە بەوە دەکات، لە هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابرووی سەر وڵاتەکەی، 17 کەس کوژران و زیاتر لە 90 کەسی دیکەش بریندار بوون.

دانیار فاروق

3 کاتژمێر پێش ئێستا