ئیحسان عەوادى: 10 ملیۆن عێراقى لە ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە تەرمى خامنەیی بەشداربوون

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا

لیژنەى باڵاى تایبەت بە ڕێکخستنى ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە عێراق ڕایگەیاند، 10 ملیۆن کەس لە هەردوو پارێزگاى نەجەف و کەربەلا، بەشدارییان ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە تەرمى عەلى خامنەیی کردووە، چوارچێوەى هەماهەنگیش دەڵێت، عێراقییەکان سەلماندیان خەڵکێکى دڵسۆز و وەفادارن.

ئەو ئامادەکارییانەى بۆ ڕێوڕەسمەکە کران

ئیحسان عەوادى، سەرۆکى لیژنە و بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، ڕۆژانى سێشەممە و چوارشەممە لە بەرزترین ئاستى هەماهەنگى و ئامادەکاریی، پلانى ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە تەرمى عەلى خامنەیی جێبەجێکرا، سەرەڕاى بەشداریی ملیۆنان کەس، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و ئەمیندارێتى مەزارگەکان لە بەرزترین ئاستى شیاو بە پێگەى خامنەیی و گەورەى ڕووداوەکە ئەرکەکانیان جێبەجێکرد و هیچ گرفت و ئاستەنگییەکى ئەوتۆ بۆ کاروانەکانى ماتەمگێڕان و هاوڵاتییان ڕووینەدا.

10 ملیۆن کەس لە ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی

گوتیشى، بە گوێرەى ئامارە سەرەتاییەکان زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بەشداریی ڕێوڕەسمەکەیان کردووە و ڕۆژى پێنجشەممە کاتژمێر هەشت و 30 خولەکى بەیانى، تەرمى عەلى خامنەیی و چوار لە ئەندامانى خێزانەکەى لە نەجەفەوە گواسترانەوە بۆ شارى مەشهد و بەخاکسپێردران.

دڵسۆزى عێراقییەکان بۆ خامنەیی

هاوکات چوارچێوەى هەماهەنگیی شیعەکان، ڕایگەیاندووە، جارێکى دیکە عێراقییەکان سەلماندیان خەڵێکى دڵسۆز و بە ئەمەکن، گەلێکن لەبیرى ناکەن کێ پاڵپشت و پشتیوانییان بووە لە دۆزەکەیاندا، بە بەشداریی فراوان و هەستى ڕاستگۆیانەیان لەڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە تەرمى عەلى خامنەیی بەرزترین واتاى وەفادارییان بەرجەستە کرد.

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا