نەتانیاهوو: جەنگ کۆتایی نەهاتووە و بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادەین

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وتارى بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی بەشداریکردنى لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی سەربازی لە باشووری ئیسرائیل
وتارى بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی بەشداریکردنى لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی سەربازی لە باشووری ئیسرائیل

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، هێشتا جەنگ کۆتایی نەهاتووە و ئامادەن بۆ هەموو سیناریۆکان، هاوکات یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە ئامادەباشیی سوپای ڕاگەیاند بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران.

نەتانیاهوو: هەمیشە لە دوژمنەکەمان بەهێزترین

نەتانیاهوو، لە میانی بەشداریکردنى لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی سەربازی لە باشووری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەوان بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادەن و هەمیشە لە دوژمنەکانیان بەهێزترن.

350 ملیار شیکڵ بۆ بودجەى بەرگرى

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی سیاسەتی سەربەخۆیی چەکداری بەرەوپێش دەبات و حکومەتەکەی 350 ملیار شیکل کە دەکاتە 115 ملیار دۆلار، بۆ بودجەی بەرگری زیاد دەکات لە دەیەی داهاتوودا.

گوتیشی، پەرە بە پیشەسازیی بەرفراوانی چەک دەدەن و ئەمەش وابەستەیی و پشتبەستنیان بە دەرەوە کەمدەکاتەوە.

ئامادەیی بۆ دەستپێکردنەوەى شەڕ

لە هەمان ڕێوڕەسمدا، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپاکەیان لە ئامادەباشیدایە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران و جێگیرکردنەوەی باڵادەستیی ئاسمانی، بە مەبەستی لەناوبردنی هەڕەشەکان.

کاتز: سوپاى ئیسرائیل دەستى دەگات بەهەموو شوێنێک

کاتز گوتی: "لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێردا، خامنەیی باوکیان لەناوبردووە و خامنەیی کوڕیشیان بە سەختی بریندار کردووە"، بە گوتەی ئەو ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل دەستی دەگات بە هەر شوێنێک کە لەوێوە هەڕەشە بکرێتە سەر ئیسرائیل.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا