هەفتەى داهاتوو عەلى زەیدى سەردانى ئەمریکا دەکات

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیدارى چاوەڕوانکراوى نێوان عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا
دیدارى چاوەڕوانکراوى نێوان عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا

هەفتەى داهاتوو، عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەردانى واشنتن دەکات، چەندین دۆسیەى تایبەت بە ئاسایش و ئابوورى و سیاسى، لە ئەجێنداى دیدار و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا و بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە دەبێت.

دەرفەتى گرنگ لە بەردەم عێراق

پەیمانگەى واشنتن لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، سەردانەکەى زەیدى بۆ ئەمریکا، دەرفەتێکى گرنگە بۆ داڕشتنەوەى قۆناغى داهاتووى پەیوەندییەکانى بەغداد و واشنتن لە بوارى بەرەنگاربوونەوەى گرووپى داعش، هەرچەندە زۆر دۆسیەى دیکەى ئابوورى و سیاسى لەسەرەوەى خشتەى کارى گفتوگۆ و دانوستانەکاندان.

داعش هێشتا بوونى ماوە

پەیمانگەکە باسى لەوەکردووە، گرووپى داعش، هاوشێوەى ساڵى 2014 هەڕەشە نییە لەسەر عێراق، بەڵام هێشتا شانە نووستووەکانى توانایان هەیە قەیرانە ناوخۆیی و هەرێمییەکان بقۆزنەوە بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەى ڕیزەکانى گرووپەکە، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەى کۆتایی ئەرکى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى و ئۆپراسیۆنى ناسراو بە (پێداگریی پۆڵایین) و گواستنەوەى هەزاران دەستگیرکراوى داعش لە سووریاوە بۆ عێراق.

دۆسیێ گرنگەکان تاوتوێ دەکرێن

بەگوێرەى زانیارییەکان، لە دیدارەکەى عەلى زەیدى و دۆناڵد ترەمپ، چەند دۆسیەیەکى گرنگ تاوتوێ دەکرێن، لەوانە؛ وەبەرهێنان، وزە، پەیوەندییەکانى حکومەتى فیدڕاڵ و هەرێمى کوردستان، مامەڵە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و هەژموونى ئێران.

عێراق تاکو چەند پێویستى بە ئەمریکایە؟

عێراق هێشتا لە چەند بوارێکدا پێویستى بە پاڵپشتیی ئەمریکایە، لەوانە؛ پەرەپێدانى تواناى دامەزراوە ئەمنییەکان و پاڵپشتییکردنى ناوەندەکانى دەستگیرکردنى چەکدارانى داعش، باشکردنى ژینگەى گرتووخانەکان، ڕەخساندنى پاڵپشتی یاسایی و کارگێڕیى تایبەت بە دەستگیرکراون، کە ژمارەیان پێنج هەزار و 700 دەستگیرکراوە و لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق.

عێراق لە بودجەى گشتى ئەمریکا لە 2027

پەیمانگەى واشنتن ئاماژەى بەوەشکردووە، لە پڕۆژەیاساى بودجەى بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵى 2027 هۆشداریی دراوە لەوەى ئەگەر بودجەى پێویست بۆ دەزگاى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرى عێراق دابیننەکرێت، بۆشایی ئەمنى دروست دەبێت و لەوانەیە داعش بیقۆزێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەى چالاکییەکانى.

کشانەوەى ئەمریکا لە عێراق و هەماهەنگییەکان

ڕاپۆرتەکە بە پێویستى دەزانێت دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە ئەیلولى ئەمساڵ، هەماهەنگییە ئەمنییەکانى نێوان بەغداد و واشنتن بەردەوامبن، چ لە ڕێگەى باڵیۆزخانەى ئەمریکاوە بێت، یاخود لە ڕێگەى بوونى سەربازیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان.

پەیوەندییەکانى عێراق و سووریا

هاوکات جەختکراوەتەوە، لە گرنگیی سوود وەرگرتن لەو نزیکبوونەوەیەى لە نێوان بەغداد و دیمەشق دروستبووە بۆ فراوانکردنى هەماهەنگیی ئەمنیى هاوبەش بۆ ڕاوەدوونانى پاشماوەکانى داعش و ڕێگریى لە دووبارە بڵاوکردنەوەى تۆڕەکانى لە ناوچەکەدا.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا