کامێراکانى چاودێرى تیژڕەوى لە شەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود دەگۆڕدرێن
پڕۆژەى دانانى کامێراکانى چاودێرى تیژڕەوى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بەردەوامە، ئێستا کۆمپانیاى جێبەکار سەرقاڵى دانانى کامێراى چاودێرى تیژڕەوییە لە ڕێگاى کەلار بۆ دەربەندیخان و پاش ئەوە پڕۆژەیەک ئامادەکراوە بۆ گۆڕین و زیادکردنى کامێراکانى شەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود و دانانى چەند کامێرایەکى دیکە لە سەنتەرى شارى سلێمانى.
کامێرا ڕێژکردنى شەقامى مەلیک مەحمود
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، ماوەى 100 ڕۆژ دراوەتە کۆمپانیاى جێبەجێکار بۆ تەواوکردنى پڕۆژەى دانانى کامێراى چاودێرى تیژڕەوى لە ڕێگەى کەلار بۆ دەربەندیخان، هاوکات پڕۆژەیەک ئامادەکراوە بۆ گۆڕین و زیادکردنى کامێراکانى چاودێرى تیژڕەوى لەسەر شەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود لەگەڵ دانانى چەند کامێرایەک لە هەندێک شەقامى دیکەى سەنتەرى شارى سلێمانى تاوەکو ئێستا کامێرایان تێدا دانەنراوە.
کامێراکان زیاتر لە کوێ دادەنرێن؟
هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، چەند پێگەیەک دیارییکراوە بۆ دانانى کامێراکان لەسەر شەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود بەتایبەت لەو شوێنانەى کە ڕووداوى هاتوچۆى زۆر تێدا ڕوودەدات ئەوانیش نزیک چاڤى لاند، پردى دەباشان، پردى کۆبانێ تاوەکو بەنزینخانەى بینایی، چڕى دانانى کامێراکان لەو شوێنانە زیاتر دەکرێن.
ژمارەى کامێراکانى ئێستا
هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، ئێستا 17 کامێراى چاودێرى تیژڕەوى لەسەر شەقامى بازنەیی مەلیک مەحمود دانراوە، بەڵام کامێراکان زیاد دەکرێت بۆ نزیکەى 40 کامێرا لە پڕۆژە نوێیەکەدا.
کاریگەرى کامێراکان و شێوازەکانى لەناو شار و دەرەوەى شارەکان
کامێراکانى چاودێرى تیژڕەوى بە دوو شێواز کاردەکەن لەسەنتەرى شارەکان یەک خاڵن واتە سەرپێچى نزیکى کامێراکە تۆمار دەکەن، بەڵام لە ڕێگەوبانەکانى دەرەوە خاڵ بۆ خاڵن واتە سەرپێچى تیژڕەوى نێوان دوو کامێراش تۆمار دەکەن، بەگوتەى وەزارەتى ناوخۆ لەهەر ڕێگەیەک کامێرا دانرابێت کاریگەرى لەسەر کەمکردنەوەى ڕووداوەکانى هاتوچۆ هەبووە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا