میدیای تورکیا: ئەنقەرە سیستمی ئێس-400ـی ڕووسی بە وڵاتێکی کەنداو فرۆشت
میدیای تورکیا دەڵێت، بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان بتوانێت ببێتە خاوەنی فڕۆکەی ئێف-35ـی ئەمریکی، سیستمی ئێس-400ــی ڕووسی، بە وڵاتێکی کەنداو فرۆشتووە و ئەمڕۆش ناوی وڵاتی کڕیار ئاشکرا دەکرێت.
فرۆشتنى ئێف-35 بە تورکیا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژانی حەوت و هەشتی تەمموز لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، چەند جارێک باسی لە ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35ـی ئەمریکی بە تورکیا و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە کرد.
مەرجى فرۆشتنى ئێس-400
بۆ ئەوەی تورکیا ئەو فڕۆکەیە بەدەستبهێنێت و سزاکانی لەسەر لاببرێت، سەرەتا پێویستە سیستمی بەرگریی ئێس-400ـی ڕووسی بفرۆشێت، کە ساڵی 2017 لە مۆسکۆی کڕی و لە 2019 ڕادەستی کرا.
سزادانى تورکیا
هەمان ئەو هەفتەیەی سیستمکە گەیشتە تورکیا، ئەمریکا بە بڕیارێک تورکیای لە پڕۆژەی کڕینی فڕۆکەی ئێف-35 دەرکرد و ساڵێک دواتریش سزاکانی کاتسای بەسەردا سەپاند، کە ڕێگرە لە فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازیی هەستیار بە تورکیا.
ئەو وڵاتە کێیە کە سیستمەکەى لە تورکیا کڕیوە؟
ڕۆژنامەی حوڕییەتی تورکی بڵاویکردووەتەوە، شەوی ڕابردوو کاروبارەکانی فرۆشتنی سیستمە ڕووسییەکە تەواو بووە و فرۆشراوە بە وڵاتێکی کەنداو، بە ئەگەری زۆریشەوە وڵاتەکە، ئیماراتە یاخود قەتەڕ.
ئەمڕۆ ناوەکەى ئاشکرا دەکرێت
ڕۆژنامەکە کە ڕۆژی پێنجشەممە هەواڵی فرۆشتنی سیستمەکەی بڵاوکردبووەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ ناوی ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکرێت، کە سیستمە ڕووسییەکەی پێفرۆشراوە.
مۆسکۆ ڕێگرنییە و ئەمریکاش کێشەى نییە
لەبارەى هەڵوێستی واشنتن و مۆسکۆش، ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، مۆسکۆ ڕێگر نابێت لەو کارە و ئەمریکاش هیچ کێشەیەکی نییە سیستمەکە بە وڵاتێکی کەنداو بفرۆشرێت.
سەرۆکایەتى کۆمار ڕەتیدەکاتەوە فرۆشرابێت
ئەوە لە کاتێکدایە، ئاژانسی ڕیانۆڤستی ڕووسی لە زاری سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەو هەواڵەی میدیای تورکیای ڕەتکردەوە و دەڵێت، سیستمەکە نەفرۆشراوە.
بەبێ ڕەزامەندى مۆسکۆ نافرۆشرێت
یەکێک لە خاڵەکانی گرێبەستی کڕینی سیستمەکە ئەوەیە، تورکیا ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی ڕووسیا سیستمەکە بە وڵاتێکی دیکە بفرۆشێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا