وڵاتانى نێوەندکار هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەدەن
پاکستان، قەتەر و نێوەندگیرەکانی دیکەی ناوچەکە، هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان دەدەن.
پەرۆشى ترەمپ بۆ نەگەڕانەوە بۆ جەنگ
پێگەی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە ترەمپ ڕایگەیاندبوو، لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە و دووجار هێرشی کرایەسەر ئەو وڵاتە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو ئێستا پەرۆشی کردنەوەی گەرووی هوورمز و نەگەڕانەوەیە بۆ جەنگێکی گشتگیر.
خواستى هەردولایان چیە؟
دەشڵێت، وڵاتانى نێوەندیکار بۆچوونیان وایە، سەرەڕای پەرەسەندنەکانی ئەمدواییە، ئەمریکا و ئێران لە دانوستانەکانی پێشوودا پێشکەوتن ڕوویداوە، هەردوولا نایانەوێت لێکتێگەیشتنەکەی نێوانیان کۆتایی بێت.
دەستێک لە ناوخۆى ئێران هەوڵى تێکدان دەدات
سەرچاوەیەکی هەرێمایەتی بە ئەکسیۆسی گوتووە، وڵاتانى نێوەندیکار بۆچوونیان وایە، هێرشەکانی ئەمدواییەی ئێران لە گەرووى هوورمز، دەستی هەندێک لایەنی تێدایە لەناو دەسەڵات، کە دژی ئەو لێکتێگەیشتنەن و هەوڵی شکستهێنانی دەدەن.
نێوەندکارەکان پەیوەندییان بە ئێران و ئەمریکا کردووە
چەند سەرچاوەیەک بە پێگە ئەمریکییەکەیان ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی وڵاتانی قەتەر، پاکستان، میسر، تورکیا و سعودیە، ڕۆژی چوارشەممە چەندین پەیوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران ئەنجامداوە، لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان.
چڕکردنەوەى هەوڵەکان
هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە ڕایگەیاندووە، "نێوەندکارەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی سەرەتا گرژییەکان کۆتاییان بێت، دواتر وادەی خولێکی دیکەی دانوستان لەنێوان تیمی هونەریی تاران و واشنتن دیاری بکەن.
هێرشەکان بۆسەر یەکدى
هەرچەندە شەوی سێشەممە و چوارشەممە ئەمریکا و ئێران هێرشیان کردەسەر یەکدى، بەڵام پێنجشەممە دۆخەکە جیاواز بوو، هیچ هێرشێک تۆمار نەکرا، هەرچەندە میدیاکانی ئێران باسیان لە ڕوودانی چەندین تەقینەوە لەچەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە کرد، بەڵام دواتر ڕەتکرایەوە هێرشیان کرابێتەسەر.
بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، ئەو هێوربوونەوەیە لە ئەنجامی هەوڵەکانی نێوەندکارەکانە بۆ کۆتاییهاتنی گرژییەکان.
ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانى ئاسایشیی نەتەوەیی کۆبووەتەوە
ئەکسیۆس باس لەوەش دەکات، ترەمپ دوانیوەڕۆی پێنجشەممە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، گفتوگۆى لەسەر گرژییەکان لەگەڵ ئێران و چۆنێتی بەرەوپێشبردنی دانوستانەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن کردووە.
دواى کۆبوونەوەکە چى ڕوویدا؟
دوای ئەو کۆبوونەوەیە، بەرپرسێکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەى ترەمپ تاوەکو ئێستا پابەندە بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماسی، هەروەها دانوستانە هونەرییەکان بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
ئەو بەرپرسە بۆچوونی وایە، "بەردەوامبوونی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران، لەسەر کردەوەکانی تاران وەستاوە".
2 کاتژمێر پێش ئێستا