لە سایلۆى عەممارە سێ کارمەند بەتۆمەتى وەرگرتنى سەرانە لە جووتیاران دەستگیرکران

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دەستەى دەستپاکى فیدڕاڵى
دەستەى دەستپاکى فیدڕاڵى

لە بەردەوامى بەدواداچوونى دۆسیەکانى گەندەڵى، ئەمجارەیان دەستەى دەستپاکیى عێراق، دەستگیرکردنى سێ فەرمانبەرى لە سایلۆى شارى عەممارە بەتۆمەتى وەرگرتنى سەرانە لە جووتیاران ڕاگەیاند.

بەتۆمەتى زیانگەیاندن بە دامەزراوە

دەستەى دەستپاکى ڕایگەیاندووە، دەستەکەیان لە پارێزگاى میسان، سێ فەرمانبەرى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى دانەوێڵەى بەتۆمەتى زیانگەیاندنى بە ئەنقەست بەو دامەزراوەیەى کاریان تێدا کردووە، دەستگیرکردووە.

بۆهەر بارێک گەنم پارەیان وەرگرتووە

ئاماژەى بەوەشکردووە، تیمێکى پێکهێنراو لە نووسینگەى لێکۆڵینەوەکانى میسان، دواى پشکنین و وردبینى زانیارییەکان، سێ فەرمانبەرى سایلۆى عەممارەیان دەستگیرکردووە، کە بریتیی بوون لە سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى داگرتن و بارکردنى دانەوێڵە لە سایلۆکە، بەو پێیەى لە هەر بارێکى دانەوێڵەى جووتیاران، بڕێک پارەیان وەرگرتووە.

دەستەى دەستپاکى باسى لەوەشکردووە، تۆمەتباران جووتیارانیان ناچارکردووە لەبەرامبەر فرۆشتنى هەر بارێکى گەنمەکەیان بڕە پارەیەک بدەن، هەرچەندە حکومەت کرێى پڕۆسەکانى داگرتنى بارەکان و کرێکارانى سایلۆکانى دابینکردووە.

ڕووبەڕووى یاسا کراونەتەوە

ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتباران بە گوێرەى ماددەى 340 لە یاساى سزادان دەبرێنە بەردەم دادوەرى دادگاى لێکۆڵینەوەى تایبەتمەند بە دۆسیەکانى دەستپاکى لە میسان، تاوەکو ڕێکارى یاسایی گونجاو لە بەرامبەریان بگیرێتەبەر.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا