بەهۆى کێبڕکێى ئۆتۆمبێلى چینییەوە ڤۆڵکس ڤاگن 100 هەزار کارمەند دووردەخاتەوە

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە کارگەکانى بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێلى ڤۆڵکس ڤاگن لە ئەڵمانیا
یەکێک لە کارگەکانى بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێلى ڤۆڵکس ڤاگن لە ئەڵمانیا

کۆمپانیاى ڤۆڵکس ڤاگن-ى ئەڵمانى بەهۆى کێبڕکێى توندى ئۆتۆمبێلى چینى و سەپاندنى باجەکان لەلایەن ئەمریکاوە، پلانى داناوە تاوەکو ساڵى 2030 دەسبەردارى 100 هەزار کارمەندى ببێت و بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێل لە چوار کارگە بەتەواوى ڕابگرێت.

ئۆتۆمبێلى چینى دۆخەکەى لە کۆمپانیاکان تێکداوە

ڕۆژنامەى فاینانشیاڵ تایمزى بەریتانى بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیاى ڤۆڵکس ڤاگن، ئێستا 625 هەزار کارمەندى هەیە، کۆمپانیاکە پێشتر پلانى داڕشتبوو تاوەکو ساڵى 2030 دەسبەردارى 50 هەزار کارمەند بێت، بەڵام بەهۆى کێبڕکێى توندى ئۆتۆمبێلى چینى لە بازاڕەکانى جیهان و سەپاندنى باجەکان لەلایەن ئەمریکاوە، کۆمپانیاکە بڕیاریداوە تاوەکو ساڵى 2030 دەستبەردارى 100 هەزار کارمەندى ببێت.

بەرهەمهێنان لە 4 کارگە ڕادەگیرێت

ئەوەشخراوەتەڕوو، کۆمپانیا ئەڵمانییەکە کە بە گەورەترین کۆمپانیاى بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێل لە ئەورووپا دادەنرێت، بەرهەمهێنان لە چوار کارگە لە ناو ئەڵمانیا ڕادەگرێت.

خواستى ئۆتۆمبێلى چینى لە جیهان و هەرێمى کوردستان

چین لەم ساڵانەى دواییدا بەشێوەیەکى بەرچاو لە بوارى پیشەسازیى ئۆتۆمبێل پێشکەوت، هەرزانى دەستى کارى وڵاتەکە وایکردووە ئۆتۆمبێلى چینى هەرزانتر بێت بەراورد بە ئۆتۆمبێلى وڵاتانى دیکە و لە هەرێمى کوردستانیش ئۆتۆمبێلبى چینى خواستێکى زۆرى لەسەرە.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا