وەزیری دادی تورکیا: دۆسیەی بکەرنادیارەکان هەڵدەدەینەوە

عەدنان ئەحمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاکن گویرلەک، وەزیری دادی تورکیا
ئاکن گویرلەک، وەزیری دادی تورکیا

وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، دۆسیەی بکەرنادیارەکان هەڵدەدەنەوە و لە یەکەم هەنگاویشدا، دۆسیەیەکی بکەر نادیاری 10 ساڵ پێش ئێستایان ڕوونکردەوە و تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکرد.

بریتین لە دۆسیەی سەدان کەس لە سێ دەیەی ڕابردوودا

ئاکن گویرلەک، وەزیری دادی تورکیا ناوەڕاستی ئەمساڵ گوتی، هەموو دۆسیەکانی بکەرنادیارەکان هەڵدەدەنەوە، کە بریتییە لە دۆسیەی کوشتنی سەدان کەس لە سێ دەیەی ڕابردوودا.

یەکەم دۆسیە کاری لەسەر دەکرێت دۆسیەی گەنجێکی 22 ساڵە

ڕۆژی هەینی گویرلەک ئاماژەی بەوە کرد، لە چوارچێوەی کارەکانی سەرۆکایەتیی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بکەرنادیارەکان، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی محەممەد ئەمین کارائالپی تەمەن 22 ساڵ کردووە، کە ساڵی 2016 لە شارۆچکەی چێرموگی سەربە ئامەد کوژرا.

پشکنینی پێشکەوتووی دی ئێن ئەی لە دۆسیەکەدا جێبەجێکراوە

گویرلەک دەشڵێت، پشکنینی پێشکەوتووی دی ئێن ئەى لەسەر فلتەرى ئەو جگەرانە کراوە، کە لە کاتی کوشتنی گەنجەکەدا لە شوێنی ڕووداوەکە جێمابوون، بۆ ئەوەش تەکنیکی نوێی تاقیگەیی دی ئێن ئەى جێبەجێ کرا و پرۆفایلی جینی گومانلێکراوەکان دیاری کرا.

چۆنێتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان

وەزیری داد ئاماژەی بە وردەکاریی زیاتری لێکۆڵینەوەکان کردووە و باسی لەوە کردووە، هێڵەکانی پەیوەندیی گومانلێکراوەکان لە کاتی تاوانەکە و تۆماری ئەو تاوەرانە وەرگیراوە، کە لەو کاتەدا سیگناڵی ناوچەکەیان وەرگرتووە، دواتریش هەموویان لەگەڵ یەک هاوتا کراون و ئەنجامیان لێوەرگیراوە.

گویرلەک دەشڵێت، لەسەر بنەمای پشکنینی دی ئین ئەی، تۆماری پەیوەندییەکان و بەڵگە بەردەستەکان، هەشت کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی بە کوشتنی گەنجە 22 ساڵەکە و هاوکاریکردنی کوشتنەکە دەستگیر کردووە.

هەفتەی ڕابردووش وەزیری داد گوتی، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تەرمێک بە ئەنجام گەیشتووە، کە ساڵی 2007 دۆزراوەتەوە و دەرکەوتووە تەرمی کەسێکە و کەسە نزیکەکانی دەستیان لە کوشتنیدا هەبووە. لەسەر دۆسیەکەش 10 کەسیان دەستگیرکردووە، کە زۆربەیان برا و کەسوکاری کوژراوەکەن.

عەدنان ئەحمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا