شەپۆلی سێیەمی گەرما ڕوو لە فەرەنسا دەکات

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
هەندێک بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، لە بلوراوەکانی پاریس خۆیان فینک دەکەنەوە
هەندێک بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، لە بلوراوەکانی پاریس خۆیان فینک دەکەنەوە

دوای ئەوەی لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی پێشوودا دوو شەپۆلی گەرما ڕوویان لە فەرەنسا کرد و بوونە هۆکی گیانلەدەستدانی نزیکەی دوو هەزار و 700 کەس، دەزگای کەشناسیی فەرەنسا ئەمڕۆ هۆشدارییدا لە شەپۆلێکی گەرمای دیکە.

24 هەرێم لە باکووری فەڕەنسا دەگرێتەوە

بەگوێرەی پێشبینییەکانی دەزگاکە، شەپۆلی گەرماکە ڕۆژی شەممە 24 هەرێم لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەگرێتەوە و ئەو هەرێمانەش بە ناوچەی ئاگاداریی سوور دەسنیشان کراون، هاوکات 72 هەرێمی دیکەش بە ناوچەی ئاگاداریی پرتەقاڵی دەستنیشانکراون، کە پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لەو ناوچانە بگەنە 40 پلەی سیلیزی.

دیاریکردنی چوار ئاستی ئاگادارکردنەوە بە گوێرەی ڕەنگەکان

لە سیستمی ئاگادارکردنەوەی فەرەنسا چوار ئاست دیاریکراون، نزمترینیان لە سەوزەوە دەستپێدەکات دواتر زەرد و پرتەقاڵی و بەرزترینیش سوور، کە مەترسیدارترینە.

لە ناوچەکانی دیکەی باکوری فەرەنساش پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لەنێوان 36 بۆ 38 پلەی سەدیدا بن.

هۆشداری کەشناسیی فەڕەنسا

کەشناسیی فەرەنسا هۆشداریداوە، شەپۆلی گەرما لانیکەم تاوەکو چوارشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

داڕشتنی پلانی فریاگوزاری لە لایەن حکومەتەوە

بەرامبەر بەم شەپۆلە نوێیەی گەرما، حکومەت پلانی فریاگوزاریی پلەگەرما بەرزەکانی داڕشتووە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان لە دوو مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بوونەتەوە.

کەوتنەوەی ئاگر بەهۆی شەپۆلی گەرماوە

بەهۆی شەپۆلی گەرما و وشکەساڵییەوە ئاگر لە چەند ناوچەیەکی شاخاوی لە ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا کەوتووەتەوە و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە ناوخۆییەکان باس لە سووتانی زیاتر لە سێ هەزار و 700 هێکتار زەوی دەکەن، کەشناسیی فەرەنسا 63 ناوچەی وەکو مەترسیدار بۆ ئاگرکەوتنەوە دەستنیشان کردووە.

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا