لە کەرکووک گۆڕانکاری لە شێوازى دابەشکردنی بەنزین دەکرێت
بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری لە شێوازى دابەشکردنی بەنزین لە کەرکووک بکرێت و لە ڕێگەی بارکۆدی ئەلیکترۆنی ستیکەرەوە دابەشبکرێت.
دابەشکردنى بەنزین دەبێت بە بارکۆدى ئەلیکترۆنى
بەگوێرەی زانیارییەکانى کەناڵ8 کە لە لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمەنەوتییەکان دەستیکەوتووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبۆنی وەرگرتنی بەنزین لە کەرکووک نامێنێت، بەڵکو لە ڕێگەی بارکۆدی ئەلیکترۆنی ستیکەرەوە بەنزین دابەشدەکرێت.
ئامانج لەم هەنگاوە نەهێشتنی قەرەباڵغییە
جێبەجێکردنی ئەم سیستمەش لەسەر داوای لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانە، بەئامانجی نەهێشتنی قەرەباڵغی، قاچاغى و ڕێگریکردن لە وەرگرتنی بەنزین لە وێستگە حکومییەکان بەشێوە نایاسایی.
بەمنزیکانە سیستمەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
بەگوێرەى لقی کەرکووکی کۆمپانیاکە، بەمنزیکانە سیستمەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەلایەن وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق ڕەزامەندی زارەکی لەسەر دراوە و ئەوەی ماوەتەوە گەیشتنی نووسراوی فەرمییە تاوەکو دەستبەجێبەجێکردنی بکرێت.
لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمی ستیکەر، بە چەند قۆناغێک وەرگرتنی بەنزین بۆشۆفێرانی کەرکووک دەکرێت بەبارکۆد، ئەمەش لە ڕێگەی وێستگەکانی دابەشکردنی بەنزینەوە دەبێت.
بارکۆد دەدرێت لە جامی ئۆتۆمبێلەکان
بەگوێرەى ڕێنماییەکان، شۆفێر دەچێتە ئەو وێستگانەی لەلایەن لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دیاریدەکرێن، لەوێ کۆبۆنەکەی لێوەردەگیرێت و بارکۆدی سیستەمی نوێ دەدرێت لە جامی ئۆتۆمبێلەکەی، تاوەکو لە کاتی وەرگرتنی بەنزین بەشێوەی ئەلیکترۆنی، بتوانێت بچێتە نێو وێستگەکانەوە.
سیستەمی ستیکەر ئێستا لە چەند پارێزگایەکى عێراق کاری پێدەکرێت بەتایبەت، ئەو ناوچانەی هاوسنوورن لەگەڵ شارەکانی هەرێمی کوردستان.
وەرگرتنی پارەی کاش نامێنێت
لەلایەکی دیکەشەوە بڕیارە، تاوەکو سەری ساڵ پێدانی پارەی کاش لە کاتی وەرگرتنی بەشەبەنزین، لەلایەن شۆفێرانەوە نەمێنێت و دەبێت بەماستەرکارت.
ئێستا پشکی ڕۆژانەی پارێزگای کەرکووک یەک ملیۆن و 750هەزار لیتر بەنزینە و لە سنووری پارێزگاکە، 22 وێستگەی حکومی هەیە بۆ دابەشکردنی بەنزین، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ 450 دیناری عێراقییە و پێنج ڕۆژ جارێک بڕی 50 لیتر بەنزین دەدرێت بە شۆفێر لە ڕێگەی کۆبۆن و بە نرخی پاڵپشتیکراو.
10/07/2026