پەرلەمانتارێکى یەکگرتوو: زانیارییەکانى کابینەى نۆ ڕاست نەبن شکستە و ڕاستیش بن هەر شکستە
کاوە عەلى، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵیادى کابینەى نۆیەمدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بابەتێکى بەناونیشانى کابینەی نۆ چەندە زانیارییەکانی "وردن یان ڕاستن"، نووسیویەتى "ئەگەر زانیارییەکان ڕاست نەبن شکستە و ئەگەر ڕاست بن هەر شکستە".
پێدانی زانیاری و بڵاوکردنەوەی جێگای دەستخۆشییە
کاوە عەلى لە نووسینەکەیدا باسیلەوەکردووە، پێدانی زانیاری و بڵاوکردنەوەی جێگای دەستخۆشییە، بەڵام پێویستە ڕاست و دروست بێت، بەراوردی ناکەم بە ڕاپۆرتی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی چونکە زۆر دوورن لە یەکەوە! ئەو بودجانە لە کوێوە هاتووە کە وەزارەتی دارایی بێ ئاگان لێی".
بودجەی هەموو پرۆژەکانی هەڵەبجە ناگاتە 150 ملیار
ئاماژەى بەوەشکردووە، کۆی گشتی بودجەی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەنیا بۆ ڕێگاوبانی دەرەوە و ناو شارەوانی و پرد، 328 ملیار دینار، زۆر دوورە لە ڕاستییەوە، لە پارێزگای هەڵەبجە بە هەموو پڕۆژە ستراتیجییەکان و بە ڕێگای سازان کە تاوەکو ئێستا هیچ دیار نییە و لە 2008 بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت و بە پڕۆژەکانی ناو هەموو شارەوانییەکان ناگاتە 150 ملیار دینار و دەشپرسێت نازانم 328 ملیار دینار لە کوێیە؟.
ڕوونیشیکردووەتەوە، بە پڕۆژەی تووەقووت + تەنگی سەید محەممەد و ڕێگای سازان 98 ملیار دینار تەرخانکراوە.
کۆی بودجەی تەرخانکراو بۆ پارێزگاکان
لە بارەى بودجەى پارێزگاکانیشەوە دەڵێت: کۆی بودجەی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سۆران، زیاتر لە حەوت و تریلیۆن و 700 ملیار دینارە، لە کاتێکدایە کۆی بودجەی تەرخانکراو بۆ پارێزگای (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین، زیاتر لە سێ تریلیۆن و 900 ملیار دینارە.
بەگوێرەى ئامارەکان، کۆی گشتی هەردوو ڕێگاوبانی دەرەوە و ناو شارەوانی، 11.6291 تریلیۆن دینارە لەو بڕەش هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سۆران 66.31%، بەڵام سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین33.69%.
دەبوایە بەگوێرەی بودجە سلێمانی و دەوروبەری چەند وەربگرێت؟
دەشڵێت: ئەگەر بودجەکە بەڕێژەی 57% بەرامبەر 43%دابەشبکرایە، وەک بڕیارە پێویستبوو سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین 5 تریلیۆن دینار وەربگرێت، بەڵام تەنیا 3.919 تریلیۆن دینارى وەرگرتووە، واتە نزیکەی 1.081 تریلیۆن دینار کەمتر لەوەی بەگوێرەى ڕێژەی 43% پێویست بوو، تەرخانکراوە.
دەشپرسێت: ئەگەر بیانەوێت ڕاستی دروستی زانیارییەکان بسەلمێنن ئەوا با ناوی پڕۆژەکان و بودجەی تەرخانکراو بڵاوبکەنەوە یان لە سایتی وەزارەتی پلاندانان ڕایبگەیەنن با بزانن کامانەن پڕۆژەکان، دەشڵێت: ئایا زانیارییەکان هەر ژمارەیە و ناڕاستە، یان ڕاستە و نادادپەروەرییە، هەر کامیان بێت شکست.
1 کاتژمێر پێش ئێستا