کابینەى نۆیەم لە حەوت ساڵى تەمەنیدا 10 مووچەى تەواوى مووچەخۆرانى خەرجنەکردووە

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کابینەى نۆیەمى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە حەوت ساڵى تەمەنیدا 11 مووچەى بە لێبڕینەوە دابەشکردووە
کابینەى نۆیەمى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە حەوت ساڵى تەمەنیدا 11 مووچەى بە لێبڕینەوە دابەشکردووە

پاش تێپەڕبوونى حەوت ساڵى تەواو بەسەر کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە ئێستا حکومەتێکى کاربەڕێکەرە بەگوێرەى داتاکان دەردەکەوێت لەو حەوت ساڵەدا 10 مووچەى بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان خەرجنەکردووە.

11 مووچەش بە لێبڕینەوە دابەشکراوە

بەگوێرەى دوایین داتاکانى وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان، لە ماوەى حەوت ساڵى تەمەنى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، 10 مووچەى تەواو دابەش نەکراوە و 11 مووچەش بە لێبڕینى %21 و %18 دابەشکراوە.

مووچە نەدراوەکان کراوەتە قەرز بەسەر حکومەتەوە

ئاوات شێخ جەناب، لە 23ـی حوزەیران لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی داتا و ئامارەکانی وەزارەتی دارایی جەختی لەوە کردەوە، مووچە نەدراوەکانی حکومەتیان کردووە بە قەرز بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

شێوازی دابەشکردنی مووچە لە ساڵی 2020 و 2021 دا

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی، لە ساڵی 2019 مووچەی تەواو دابەش کراوە و لە ساڵی 2020 چوار مووچە خەرج نەکرا و چوار مووچەش بە لێبڕینی %21 و یەک مووچەش بە لێبڕینی %18 دابەش کرا و سێ مووچەی تەواویش دابەش کراوە.

هەروەها لە ساڵی 2021 شەش مووچە بە لێبڕینی %21 خەرج کرا و شەش مووچەی تەواویش خەرج کراوە و لە ساڵی 2022 مووچەی تەواوی 12 مانگەکە خەرج کراوە.

لە ساڵی 2023 سێ مووچە دابەش نەکراوە

لە ماوەی ساڵانی 2023 بۆ 2025 وەزارەتی دارایی لەبارەی پشکی هەرێم و شایستە داراییەکانەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، بەغداد شەش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان قەرزارە، کە لە ساڵی 2023 نۆ مووچە دابەش کراوە و سێ مووچە دابەش نەکرا، هەروەها لە ساڵی 2024یش 11 مووچە دابەش کراوە و یەک مووچە دابەش نەکرا، لە ساڵی 2025یش 10 مووچە دابەش کراوە و دوو مووچە دابەش نەکرا.

لە 2015 بۆ 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان 15 مووچەی دابەش نەکردووە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا، لە 2015 تاوەکو کۆتایی 2025 کە 132 مانگ دەکات، 72 مووچەی تەواوی دابەش کردووە و 45 مووچەی بە لێبڕین و چارەکە مووچە خەرج کردووە و 15 مووچەی تەواویشی دابەش نەکردووە.

کۆی قەرزی مووچەخۆران 24 تریلیۆن دینارە

وەزارەتی دارایی داتا و ئامارەکانی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەپێی داتاکان، لە کۆی 132 مانگ واتە لە ساڵانى 2015 بۆ کۆتایی 2025 تەنیا 72 مووچەی تەواو دراوە و لە ئێستاشدا کۆی قەرزی مووچەخۆران زیاتر لە 24 تریلیۆن دینارە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و هەر مووچەخۆرێک 15 بۆ 50 ملیۆن دیناری لای حکومەتە.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا