چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیار لە خەرجکردنى مووچە بدرێت.

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

بەرپرسێک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کە نەویست ناوى بهێنرێت، بە کەناڵ8ـى گوت "سبەى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران دەکرێت بەڵام لە کارنامەکەدا بابەتى مووچەى تێدا نییە". گوتیشى "چاوەڕوان دەکرێت لە پەراوێزى کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەبارەى مووچەوە بدرێت".

وەزیری دارایی باسی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

ڕاشیگەیاند، فالح سارى وەزیرى دارایی عێراق لەبارەى خەرجکردنى مووچەى مانگى حوزەیران قسەى خۆى و باسى پابەندییەکانى هەرێمى کوردستان دەکات لەبارەى داهاتى نانەوتی کە بەگوێرەى ڕێککەوتنەکانى هەولێر و بەغداد 120 ملیار دینارە.

کێشەی 120 ملیارەکەی داهاتی نانەوتی

شاندى حکومەتى کاربەرێکەرى هەرێمى کوردستان لە مانگى ڕابردوو کە سەردانى بەغدادی کرد، بە ئەنجوومەنى وزارى ئابووریى عێراقیان گوت "ناتوانن 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتی بنێرن".

داوای شاندی هەرێمی کوردستان لە وەزیری دارایی عێراق

بەگوێرەى زانیارییەکان، شاندەکە داوایان لە فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق کردووە، بۆ داهاتى نانەوتی، تەرازووى پێداچوونەوەى مانگانە لە خەرجی و داهاتەکان بکرێتە بنەما، یاخود 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتیی بۆ 60 ملیار دینار کەمبکرێتەوە.

بەرپرسەکەى ئەنجوومەنى وەزیران دەڵێت لەلایەن وەزیرى دارایى عێراقەوە وەڵام و سەرنجى خۆى بۆ داواکارییەکەى هەرێمى کوردستان خستووەتەڕوو، چاوەڕواندەکرێت بیخاتە بەردەم عەلى زەیدى و ئەویش بڕیارى کۆتایى لەبارەوە بدات.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا