ساڵێک بەسەر "چەک سوتاندن"ی پەکەکەدا تێدەپەڕێت؛ ئەو ڕێوڕەسمەی جیهان لە ڕێگەی کەناڵ8ەوە بینی

عەدنان ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ساتی چەکدانانی ئەندامێکی پەکەکە. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
ساتی چەکدانانی ئەندامێکی پەکەکە. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

ساڵێک بەسەر ڕێوڕەسمی مێژوویی چەک سوتاندنی پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەربەستە یاساییەکان ڕێگرن لە تەواوبوونی پڕۆسەی ئاشتی.

دەستپێکی پڕۆسەکە و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەبات

پڕۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی کردەیی لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، بە تەوقەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی دەم لە پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد. دواتر لە 5 و 7ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلان، کۆنگرەی 12ـەمینی خۆی بەست و تێیدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

ڕێوڕەسمی چەک سوتاندن لە ئەشکەوتی جاسەنە

لە 11ـی تەمموزی 2025، لەبەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ڕێوڕەسمێکی سیمبولی بۆ چەک سوتاندن بەڕێوەچوو. ئەو گرووپەی چەکەکانیان سووتاند لە 30 کەس (15 ژن و 15 پیاو) پێکهاتبوون و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کەجەکەوە سەرۆکایەتی دەکران. ئەم هەنگاوە دوای بڵاوبوونەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی ئۆجەلان هات کە یەکەمین دەرکەوتنی بوو لە دوای ساڵی 1999ـەوە.

بەربەستە یاساییەکان و نیگەرانییەکانی کەجەکە

سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەو ڕێوڕەسمەدا، هێشتا یاسای تایبەت بە پڕۆسەکە و گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە دەرنەکراوە. کەجەکە لە نوێترین ڕاگەیێنراویدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ بۆچوونێکی ئۆجەلان و بزووتنەوەکەیان لەسەر دەقە یاساییەکان وەرنەگیراوە. جەختیشیان کردووەتەوە کە بەبێ دەستەبەرکردنی ئازادیی فیزیکی بۆ ئۆجەلان، هیچ کەسێک ناتوانێت بڕیاری چەکدانانیان پێ جێبەجێ بکات و سەپاندنی "ئەمری واقیع" قبووڵ ناکەن.

کاردانەوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان

هەنگاوی چەک سوتاندنەکە پێشوازییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

  • ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: پڕۆسەی چەک سوتاندن هەنگاوێکی گرنگ بوو لە ڕێگەی گەیشتن بە پڕۆسەکە.
  • وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پێشوازی لە چەک سوتاندنی پەکەکە دەکەین.
  • مەسعود بارزانی: هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەیەکی دروست.
  • بافڵ جەلال تاڵەبانی: چەک سوتاندنی پەکەکە لە سلێمانی هەنگاوێکی مێژووییە.
  • نێچیرڤان بارزانی: هەنگاوەکەی پەکەکە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی گرنگە.
  • وەزارەتی دەرەوەی عێراق: دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.
عەدنان ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا