کابینەی نۆیەم و سیاسەتی پەراوێزخستن؛ چۆن سلێمانی و گەرمیان لە ئاسایشی ئاو بێبەش کراون؟
بڵاوکراوەیەکی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازییەکی ڕیشەیی لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو ئاشکرا دەکات، کە تێیدا پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە پڕۆژە نوێیەکان پشکێکی کەمیان بەرکەوتووە.
پشکی شێری بەنداوەکان بۆ هەولێر و دهۆک
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی گلدانەوەی ئاودا، 9 بەنداوی نوێی دروست کردووە. بەپێی داتاکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، زۆرینەی هەرە زۆری ئەم بەنداوانە لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک جێبەجێ کراون. بەنداوەکانی هەولێر بریتین لە (دوین، گۆمەسپان، بەستۆرە، ئاقوبان، شەوگێڕ و چەمرگە)، لە پارێزگای دهۆکیش بەنداوی "خنس" دروستکراوە. لە بەرامبەردا، لە تەواوی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان تەنیا 2 بەنداو دروستکراون کە بریتین لە بەنداوی "دێوانە" لە دەربەندیخان و "تووڕەجار" لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
جیاوازیی گەورە لە دابەشکردنی بودجەی پڕۆژەکان
لە ڕووی تێچووی داراییەوە، جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ناوچەکاندا دەبینرێت. لە کۆی 265.7 ملیار دینار کە بۆ دروستکردنی ئەم 9 بەنداوە تەرخانکراوە، زیاتر لە 234 ملیار دیناری بۆ بەنداوەکانی سنووری هەولێر و دهۆک خەرج کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ هەردوو بەنداوەکەی سنووری دەربەندیخان و گەرمیان تەنیا نزیکەی 31 ملیار دینار تەرخانکراوە، ئەمەش نایەکسانییەکی گەورە لە دابەشکردنی سامانی گشتی لە نێوان پارێزگاکاندا نیشان دەدات.
وەستانی کارکردن لە پۆندەکانی سلێمانی و گەرمیان
دۆخی دروستکردنی پۆندەکان هاوشێوەی بەنداوەکان جیاوازییەکی زۆری تێدایە. لەم کابینەیەدا 30 پۆند دروستکراون کە زۆرینەیان لە هەولێر و دهۆکن و تەنیا 8 پۆندیان دەکەونە سنووری سلێمانی و گەرمیان. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە پڕۆژەی پۆندەکانی هەولێر و دهۆک سەرجەمیان سپاردنی کاریان بۆ کراوە و کارکردن تێیاندا بەردەوامە، بەڵام زۆرینەی پۆندەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان کارکردن تێیاندا وەستاوە و پشتگوێ خراون.
لێکەوتە نەرێنییەکان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و ژینگە
جیاوازیکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاو تەنیا پەیوەندی بە بەنداو و پۆندەوە نییە، بەڵکو لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە. جێبەجێنەکردنی ئەم پڕۆژانە لە هەندێک ناوچە دەبێتە هۆی کەمبوونی ئاوی خواردنەوە، پەککەوتنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، و زیادبوونی مەترسیی لافاو. هەروەها ئەم جیاکارییە زیان بە پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لەو ناوچانە دەگەیەنێت کە پڕۆژەکانیان تێدا ئەنجام نەدراوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا