وەزارەتى پەروەردە: لە سبەینێوە دەرگاى پەڵپگرتن بۆ خوێندکارانى قۆناغى 12 دەکرێتەوە
وەزارەتى پەروەردە وادە و ڕێکارى پەڵپگرتنى بۆ ئەو خوێندکارانە دیاریکرد کە تێبینییان لەسەر ئەنجامەکانى خولی یەکەمى تاقیکردنەوەکانى پۆلی 12 هەیە.
دیاریکردنى وادەى پەڵپگرتن
وەزارەتى پەروەردەى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، خوێندکارانى قۆناغى 12ـى ئامادەیی دەتوانن پەڵپ (اعتراض) لە ئەنجامى تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان بگرن. بەپێی بڕیارەکە، لە سبەینێ یەکشەممە 12ـى تەممووز پڕۆسەکە دەستپێدەکات و تاوەکو ڕۆژى چوارشەممە 15ـى تەممووز بەردەوام دەبێت، کە بە گشتى 4 ڕۆژ بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکراوە.
ناڕەزایەتى خوێندکاران لەسەر وانەکان
دواى ئەوەى ڕۆژى پێنجشەممە 9ـى تەممووز ئەنجامەکان ڕاگەیەندران، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران ناڕەزایەتییان دەربڕی. بەشێک لە خوێندکاران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە پرسیارى 3 وانەى جیاوازدا هەڵە هەبووە و وەڵامەکان بە وردى دانەنراون، هەر بۆیە دەیانەوێت لەڕێگەى قوتابخانەکانیانەوە پەڵپ بگرن بۆ دووبارە وردبینیکردنەوەى نمرەکانیان تاوەکو مافیان نەفەوتێت.
ڕەتکردنەوەى دەنگۆى قەرەبووکردنەوەى خوێندکاران
سەبارەت بەو هەواڵانەى باس لە قەرەبووکردنەوەى خوێندکاران دەکەن بەهۆى بوونى هەڵە لە پرسیارەکاندا، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتى پەروەردە بە کەناڵ 8ـى ڕاگەیاندووە کە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە. ئەو سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە هیچ بڕیارێک بۆ پێدانى نمرەى قەرەبوو بە خوێندکاران نییە و ئەوەى لە هەندێک دەزگاى ڕاگەیاندن بڵاوکراوەتەوە "ئەسڵ و ئەساسى نییە" و تەنیا پڕۆسەى پەڵپگرتن ڕێکارى یاساییە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا