گەڕانەوە لە فڕۆکەخانە بوو بە کۆتا گەشت؛ مەرگی گەنجێکی تازە مارەکراو و ژنێکی دووگیان لە قەڵادزێ

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی ئەو دوو کەسەی کە لە ڕوداوی هاتوچۆکەی دەروازەی قەڵادزی گیانیان لەدەستداوە
وێنەی ئەو دوو کەسەی کە لە ڕوداوی هاتوچۆکەی دەروازەی قەڵادزی گیانیان لەدەستداوە

پاش گەڕانەوەیان لە بەڕێکردنی کوڕەکەیان بۆ دەرەوەی وڵات، خێزانێک لە دەروازەی قەڵادزێ تووشی ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ بوون و بەهۆیەوە 2 کەس گیانیان لەدەستدا.

وردەکاریی ڕووداوەکە لە دەروازەی شارۆچکەکە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 11ـی تەممووزی 2026، کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیان، ئۆتۆمبێلێک لە دەروازەی شارۆچکەی قەڵادزێ کۆنترۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا. ڕووداوەکە کاتێک ڕوویداوە کە خێزانێکی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی قەڵادزێ، لە فڕۆکەخانە گەڕاونەتەوە دوای ئەوەی کوڕێکیان بەڕێکردووە بۆ گەشتکردن بەرەو یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا.

قوربانییانی ڕووداوەکە

د. ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵادزێ بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاند، بەهۆی ڕووداوەکەوە 2 کەس گیانیان لەدەستداوە و گەیێندراونەتە بەشی فریاکەوتن. یەکێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەنجێکی لەدایکبووی ساڵی 1993ـەیە کە تازە ژنی مارە کردووە، قوربانیی دووەمیش ئافرەتێکی دووگیانی لەدایکبووی ساڵی 1988ـەیە.

تەندروستیی بریندارەکان

لە ڕووداوەکەدا 2 کەسی دیکە بریندار بوون کە کچ و کوڕێکن و لەدایکبووی ساڵانی 2007 و 2009ـەن. بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، یەکێک لە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە، برینداری دووەمیشیان بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە، لە نەخۆشخانەی قەڵادزێ لە ژێر نەشتەرگەریدایە.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا