شارەوانیی سلێمانی: نۆژەنکردنەوەی شەقامی هەواری شار دەستپێدەکات

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
شەقامی هەواری شار بە ئاڕاستەی تونێلی پێشڕەو لە لایەن دوو کۆمپانیاوە نۆژەندەکرێتەوە
شەقامی هەواری شار بە ئاڕاستەی تونێلی پێشڕەو لە لایەن دوو کۆمپانیاوە نۆژەندەکرێتەوە

شەقامى هەوارى شار کە یەکێکە لە ڕێگە گرنگەکانى سلێمانى، لە چوارچێوەى هەڵمەتێکى فراواندا بە هەردوو ئاڕاستە نۆژەندەکرێتەوە تاوەکو کێشەى هاتوچۆى شۆفێران و ڕووداوەکان کەمبکرێنەوە.

نۆژەنکردنەوەی شەقامی هەواری شار

ئەو بەشەی شەقامی سەرەکیی هەواری شار کە بە هەردوو ئاڕاستەی چوون و هاتن بەرەو تونێلی پێشڕەو دەچێت، نۆژەندەکرێتەوە. ئەو بەشەی شەقامەکە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی کەموکوڕییەکانەوە بووەتە جێی گلەیی شۆفێران، بڕیار وایە دوای چاککردنەوەی، ببێتە ڕێگەیەکی مۆدێرن و هۆکارێک بێت بۆ کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەو سنوورەدا.

سپاردنی کارەکان بە دوو کۆمپانیا

بەپێی بەدواداچوونەکان، هەردوو کۆمپانیای خۆماڵیی "قەیوان" و "ئێم جەی" ئەرکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیان گرتووەتە ئەستۆ. بۆ خێراکردنی پڕۆسەکە، کارەکان دابەشکراون بەجۆرێک هەر کۆمپانیایەک بەرپرس دەبێت لە نۆژەنکردنەوەی سایدێکی شەقامەکە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لەوەی کارەکان لە کاتی دیاریکراودا تەواو بکرێن.

هەڵمەتێکی سێ قۆناغی بۆ خزمەتگوزاریی ڕێگەوبان

ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەڵمەتێکی سێ قۆناغی کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە دەستیپێکردووە. لە قۆناغی یەکەمدا شەقامی مەلیک مەحمود کارى لە پێشینە بووە، دوای تەواوبوونی شەقامە سەرەکییەکانی وەک هەواری شار، قۆناغی سێیەم کە خزمەتگوزاریی ناو گەڕەکەکان و کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانە دەستپێدەکات.

بەردەوامیی پڕۆژەکان بەپێی بودجە

شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە کە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان بەردەوام دەبێت. لە ئێستادا کارەکان لە بەشێکی شەقامەکە لە تونێلی پێشڕەو تاوەکو فلکەی بەرزاییەکان تەواو بووە و قیرتاو کراوە، کارکردن لە بەشەکەی دیکەش لە فلکەی بەرزاییەکانەوە بۆ شەقامی هەواری شار بەردەوامیی دەبێت. شارەوانی دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان کە بەگوێرەی بودجەی بەردەست، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕێگەوبانەکان.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا