کارتی زانیاری نامێنێت؟ وەڵامی فەرمی نووسینگەکانی زانیاری سلێمانی بزانە
بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی کارتی زانیاری دەکەن، بەرپرسانی نووسینگەی زانیاری جەخت دەکەنەوە کە ئەم بەڵگەنامەیە وەک سەرچاوەی سەرەکیی ناونیشانی خێزانەکان دەمێنێتەوە.
مانەوەی کارتی زانیاری وەک بەڵگەنامەی سەرەکی
ئاودێر سەلیم، لێپرسراوی نووسینگەکانی کارتی زانیاریی سلێمانی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ لابردن یان نەهێشتنی کارتی زانیاری. ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ ڕژدە لەسەر مانەوەی ئەم بەڵگەنامەیە، چونکە بە تەنیا سەرچاوە دادەنرێت بۆ دیاریکردنی ناونیشانی وردی خێزانەکان لە عێراقدا.
پەرەپێدانی ئامێر و کارەکان
لێپرسراوی نووسینگەکانی زانیاری ئاشکرای کرد کە نەک هەر کارتی زانیاری لانەبراوە، بەڵکو کارەکانیان پەرەپێداوە. باسی لەوەش کرد کە چەندین ئامێری نوێ و مۆدێرنیان بەدەستگەیشتووە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دەرکردن و نوێکردنەوەی کارتەکان خێراتر و باشتر بکرێت، ئەمەش نیشانەی بەردەوامبوونی کارکردنە بەو بەڵگەنامەیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
بۆچی بڕیارەکەی سوودانی جێبەجێ نەکرا؟
کۆتایی ساڵی ڕابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بڕیاریدابوو کارتی نیشتمانی بە جۆرێک ڕێکبخرێتەوە کە زانیارییەکانی کارتی زانیاری لەخۆبگرێت تاوەکو هاووڵاتییان تەنیا یەک کارتیان پێبێت. بڕیارەکە وابوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی تێبینییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، کارتی زانیاری وەک خۆی مایەوە.
گرنگیی کارتەکە لە فەرمانگە حکومەییەکاندا
لە ئێستادا کارتی زانیاری وەک یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان لە زۆرینەی فەرمانگە حکومەییەکاندا ماوەتەوە. ڕۆژانە لە کاتی ڕاییکردنی مامەڵەکاندا داوا لە هاونیشتمانییان دەکرێت و لە بەشێکی زۆری دامودەزگاکانیشدا بەبێ بوونی ئەم کارتە، مامەڵەی هاووڵاتییان ڕایی ناکرێت و کارەکانیان پەکدەخرێت.
1 کاتژمێر پێش ئێستا