چەند هۆشیارییەک سەبارەت بە بینینی خوێن لە سەرەتای ماوەی دووگیانیدا
د. سومەییە عەتا نەقشبەندی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، چەند هۆشیارییەک سەبارەت بە خوێنبەربوون لە سەرەتای ماوەی دووگیانیدا بڵاو دەکاتەوە.
ئایا بینینی کەمێک خوێن لە سەرەتای دووگیانیدا مایەی نیگەرانییە؟
بینینی کەمێک خوێن لە هەفتەکانی یەکەمی دووگیانیدا زۆرجار دەبێتەهۆی دڵەڕاوکێ لای خانمانی دووگیان، بەڵام پێویستە هەموو خانمێکی دووگیان بزانێت کە هەموو بینینی خوێنێک نیشانەی بوونی مەترسیی نییە. لە هەندێک حاڵەتدا، وەک خوێنبەربوونی چەقینی هێلکە لە منداڵداندا، دیاردەیەکی ئاساییە.
چۆن خانمێکی دووگیان بزانێت خوێنبەربوونەکەی لە کاتی دووگیانیدا ئاساییە؟
لە ئەم حاڵەتانەدا خوێنبەربوونی خانمی دووگیان لە ماوەی دووگیانیدا ئاساییە:
- خوێنبەربوونەکە تەنیا بە شێوەی پەڵە یان چەند دڵۆپەیەکی سووک بێت
- ڕەنگی خوێنەکە قاوەییی کاڵ یان پەمەیی بێت
- خوێنبەربوونەکە ماوەکەی کورت بێت و بە خێرایی کۆتایی بێت
- خوێنبەربوونەکە هیچ ئازارێکی تووندی لەگەڵدا نەبێت
کەی پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت؟
ئەگەر خوێنبەربوونەکە بەم شێوانەی خوارەوە بوو، ئەوا پێویستە خانمە دووگیانەکە بەبێ دواکەوتن پەیوەندیی بە پزیشکەکەیەوە بکات:
- ئەگەر خوێنبەربوونەکە زۆر بوو، بڕەکەی هاوشێوەی سووڕی مانگانە یان زیاتر بوو
- ئەگەر لەگەڵ خوێنبەربوونەکەدا خانمە دووگیانەکە هەست بە ئازارێکی تووند یان گرژبوونی بەهێزی سکی بکات
- ئەگەر خوێنبەربوونەکە سەرگێژخواردن یان لەهۆشچوونی لەگەڵدا بێت
- ئەگەر خوێنبەربوونەکە پارچەی خوێنی لەگەڵدا بوو
ڕێنوێنیی بۆ خانمانی دووگیان
پێویستە هەموو خانمێکی دووگیان لەبیری بێت ئەزموونی هەر دووگیانییەک جیاوازە، بۆیە هەرگیز نیشانەی نائاسایی پشتگوێ نەخرێت. چاودێریی پزیشکیی بەردەوام و زوو دەستنیشانکردنی هەر کێشەیەک، کلیلی ئارامی و پاراستنی تەندروستیی خانمی دووگیان و کۆرپەکەیەتی.
1 کاتژمێر پێش ئێستا