کەناڵ8 وردەکاریی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ لای ترەمپ ئاشکرا دەکات
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەریی شاندێکی گەورەی وەزاری و بازرگانی سەردانی واشنتن دەکات، تاوەکو قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستپێبکات.
پێکهاتەی شاندە باڵاکەی عێراق بۆ ئەمریکا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم هەفتەیەدا بە یاوەریی شاندێکی باڵا دەچێتە واشنتن. شاندەکە پێکهاتووە لە وەزیرانی دەرەوە، نەوت، دارایی، کارەبا و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق. هەروەها ئەگەر هەیە مستەفا سنەد، وەزیری پەیوەندییەکانیش لەم گەشتەدا ئامادە بێت. لەگەڵ ئەم بەرپرسە حکومەتییانەدا، کۆمەڵێک وەبەرهێن و نوێنەری کۆمپانیاکانی بواری وزە، کارەبا و بانک لە شاندەکەدا بەشدار دەبن.
تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن
شاندی بەغداد لەم سەردانەدا چەندین دۆسیەی هەستیار لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ دەکات. گرنگترینی ئەو تەوەرانە بریتین لە پرسی ئەمنی، ئابووری، بازرگانی، دارایی و پەرەپێدانی سیستەمی بانکی. هەروەها کەرتی وزە بە هەموو بەشەکانییەوە وەک نەوت، کارەبا و گازی سروشتی بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکان دەبن بە ئامانجی ڕاکێشانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ وەبەرهێنان لەناو خاکی عێراقدا.
کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ و واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکان
بەپێی بەرنامەی سەردانەکە، عەلی زەیدی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. حکومەتی نوێی عێراق بە فەرمی ئامادەیی نیشانداوە کە دەرگا بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان واڵا بکات، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لەم سەردانەدا چەندین گرێبەستی نوێ و لێکگەیشتنی ستراتیژی لە سێکتەرەکانی وزە و دارایی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ بکرێن.
بەشداریی هەرێمی کوردستان لە شاندەکەدا
لە بەشێک لەو کۆبوونەوانەی کە شاندی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجامی دەدەن، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئامادە دەبێت. ئەم بەشدارییە بە مەبەستی هەماهەنگی و تاوتوێکردنی ئەو دۆسییانەیە کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان و قۆناغی داهاتووی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن هەیە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا