سووریا دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی داعشی ڕاگەیاند

ئارام یوسف 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەکەی ڕێکخراوی داعش
ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەکەی ڕێکخراوی داعش

وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند، سەرکردەیەکی داعشیان لە هەڵمەتێکی ئەمنیی فراواندا دەستگیرکردووە، دەشڵێت، ئەندامانی ئەو شانەیەشی تەقینەوەکانی هەفتەی ڕابردووی دیمەشقیان ئەنجامداوە، سەرجەمیان دەستگیر کردووە.

لە هەڵمەتێکی فراوانی هێزە ئەمنییەکانی سووریا دەستگیر کراوە

وەزارەتەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، ئەو سەرکردەیەی داعش کە دەستگیرکراوە، ناوی فیراس داغرە، لە هەڵمەتێکی فراوانی هێزەکانیاندا دەستگیرکراوە.

بەرپرسانی تەقینەوەکەی دیمەشق دەستگیر کران

لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، هێزێکی تایبەت بە هەماهەنگیی دەزگای هەواڵگریی گشتی، لەیەک کاتدا ئۆپراسیۆنێکیان لە دیمەشق و گوندەواری دیمەشق لە ناوچەکانی قەتیفە، سەیدە زەینەب، زاحیەی قەدسیا و عوش ئەلوەروور ئەنجامداوە و سەرجەم ئەندامانی ئەو شانە تیرۆریستییەیان دەستگیرکردووە، کە بەرپرسیاری تەقینەوەکەی دیمەشق بوون.

سەرکردەکەی داعش پاسەوانی خەلیفەی ڕێکخراوی داعش بووە

وەزارەتی ناوخۆی سووریا باس لەوە دەکات، ئەو سەرکردەیەی داعش کە دەستگیرکراوە، چەندین پۆستی باڵای لەو ڕێکخراوە هەبووە، کە دواینیان ڕاسپاردنی بووە بە والیی لوبنان و فەلەستینی ڕێکخراوەکە، سەرەڕای کارەکەی وەک پاسەوانی تایبەتی خەلیفەی ڕێکخراوەکە.

شانە دەستگیراوەکەش تۆمەتبارن بە چەندین تاوان

ئاماژە بەوەشکراوە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەو شانەیەی دەستگیرکراون، تێوەگلاون لە کوشتن و دزیکردن لە چەندین زێڕنگر لە دەرعا و بەکارهێنانی ئەو ئاڵتوونانەی دزیویانە بۆ تەمویلکردنی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە.

ئارام یوسف

3 کاتژمێر پێش ئێستا