دەزگای ئاسایشی هەرێم: باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە لە سنووری کۆیە دەستگیرکران.

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەندامانی ئەم باندە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیایان وەک "تیکتۆک و سناپ چات" بەکارهێناوە بۆ بانگەشە بۆ فرۆشتنی دراوی ساختە
ئەندامانی ئەم باندە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیایان وەک "تیکتۆک و سناپ چات" بەکارهێناوە بۆ بانگەشە بۆ فرۆشتنی دراوی ساختە

لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنووری کۆیە، هێزەکانی ئاسایش توانییان باندێکی مەترسیدار دەستگیر بکەن کە لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە فێڵیان لە هاووڵاتییان دەکرد و بە چەک ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە.

ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری و برینداربوونی کارمەندان

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، ئۆپەراسیۆنێکی بۆ دەستگیرکردنی باندێکی 3 کەسیی ساغکردنەوەی دراوی ساختە ئەنجامدا. لە کاتی دەستگیرکردنیاندا لە کاتژمێر 20:00ـی شەوی ڕابردوو لە نزیک شارەدێی ئاشتی لە کۆیە، تۆمەتباران بە چەک ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەتەوە و لە ئەنجامدا 3 کارمەندی ئاسایش بریندار بوون.

شێوازی فێڵکردن لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە

ئەندامانی ئەم باندە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیایان وەک "تیکتۆک و سناپ چات" بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بانگەشە بۆ فرۆشتنی دراوی ساختە بکەن. لە کاتی کۆبوونەوە و مامەڵەکردندا، تۆمەتباران تەنیا فێڵیان نەکردووە، بەڵکو کەسەکانیان فریوداوە و بە زەبری چەک و هەڕەشەکردن پارەیان لە هاووڵاتییان سەندووە.

ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتباران

دەزگای ئاسایش جەختی کردەوە کە هەر 3 تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون و لە ئێستادا بەپێی ماددەکانی 406 و 56 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون. لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامە تاوەکو تەواوی وردەکارییەکانی کارە نایاساییەکانیان و ئەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە بۆ دادگا ڕوونبکرێتەوە.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا