ئێران بۆ ئەمریکا: بەئامانجگرتنی کەشتییەکان 'هەڵە' بووە و دەمانەوێت دانوستانەکان بەردەوام بن
تاران لە پەیامێکی نوێدا بۆ واشنتن، بەرپرسیاریەتیی هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکانی لە گەرووی هوورمز گەڕاندەوە بۆ "هەڵە" و "بێمەبەستی" و داوای درێژەدان بە گفتوگۆکان دەکات.
دانپێدانانی تاران بە هەڵەکان لە گەرووی هوورمز
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، تاران لە پەیامێکدا واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە کە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هوورمز بەبێ مەبەست بووە. ئێران لەو پەیامەیدا ئەو هێرشانەی بە "هەڵە" وەسف کردووە و هاوکات خواستی خۆی بۆ درێژەدان بە دانوستانە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمریکا دووپات کردووەتەوە.
هۆشدارییەکانی ئیدارەی ترهمپ
بەرپرسانی باڵا لە ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ ڕایانگەیاندووە کە چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کەمبووەتەوە. واشنتن هۆشداریی توندی داوەتە تاران لە ئەگەری هەر پەککەوتنێکی دیکەی جموجۆڵی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز و جەختیان کردووەتەوە کە دووبارەبوونەوەی ئەو کارانە "دەرئەنجامی زۆر خراپ" بۆ ئێران بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
مەرجی واشنتن بۆ بەردەوامیی دانوستان
ئیدارەی ئەمریکا بۆ دڵنیابوونەوە لە نێتپاکی تاران، داوای کردووە ئێران ڕاگەیێنراوێکی فەرمی دەربکات. واشنتن دەیەوێت ئێران لەو ڕاگەیێنراوەدا بە فەرمی پشتڕاستی بکاتەوە کە گەرووی هوورمز بەڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا بە کراوەیی دەمێنێتەوە و چیتر کەشتییە بازرگانییەکان ناکاتە ئامانج، ئەمەش وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا دەبینرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا