گۆڕانی کەشوهەوا؛ لە فەڕەنسا شەڕە لەسەر کڕینی پانکە و فێنککەرەوە و 12 کەس بریندار بوون
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ 44 پلەی سیلیزی، دانیشتووانی فەڕەنسا و وڵاتانی ئەورووپا ڕوویان لە کڕینی ئامێرە فێنککەرەوەکان کردووە و لەناو مارکێتەکاندا شەڕ و پێکدادان دروستبووە.
کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئەورووپا
لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا، وێنەیەکی جیاواز لە ئەورووپای هێمن و باراناوی دەبینرێت، کە تێیدا گەرمایەکی کوشندە وڵاتەکەی گرتووەتەوە. هۆکاری ئەم گۆڕانکارییانە بۆ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێتەوە، کە وایکردووە ئەورووپییەکان بۆ خۆپاراستن لە گەرما، شەڕ لەسەر دەستکەوتنی پانکە، موبەریدە و ئامێرە فێنککەرەوەکان بکەن.
شەڕ و ئاڵۆزی لەناو مارکێتەکانی فەڕەنسا
پلەکانی گەرما لە فەڕەنسا گەیشتوونەتە 44 پلەی سیلیزی و ئەمەش وایکردووە قەرەباڵغییەکی بێپێشینە لەبەردەم دوکانی ئامێرە کارەباییەکان دروستببێت. چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکراونەتەوە کە تێیدا خەڵک بە دەستەویەخە شەڕ لەسەر ئامێرەکان دەکەن. لە یەکێک لە مارکێتەکاندا کڕیارێک سپرای بیبەری بە ڕووی کڕیارەکانی دیکەدا ڕژاندووە بۆ ئەوەی دووریان بخاتەوە و ئامێرێکی دەستکەوێت، کە بەهۆیەوە 12 کەس بریندار بوون.
بەرزبوونەوەی بێپێشینەی ئاستی فرۆشتن
ئەم شەپۆلە گەرمایە سوودێکی زۆری بە خاوەن مارکێتەکان گەیاندووە. بۆ نموونە، کۆمپانیای "کارفۆر" لە فەڕەنسا ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە ڕۆژی 22ـی حوزەیراندا زیاتر لە 30,000 (سی هەزار) پانکە و فێنککەرەوەی فرۆشتووە، ئەمەش بەراورد بە ڕۆژانی ئاسایی 1,000 (هەزار) هێندە زیادیکردووە. پێشبینی دەکرێت لەگەڵ هاتنی شەپۆلی سێیەمی گەرما لەم هەفتەیەدا، ئاستی کڕین زیاتریش ببێت.
سیستەمی خانووبەرە و نەبوونی فێنککەرەوە
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەورووپییەکان ئەوەیە کە خانووەکانیان بۆ بەرگەگرتنی سەرما دروستکراون نەک گەرما. دیوارەکان ئەستوورن و وا دیزاین کراون کە گەرما لە ناوەوە بهێڵنەوە. بە گشتی تەنیا چارەکی خانووەکانی ئەورووپا سیستەمی فێنککەرەوەیان تێدایە، ئەوەش زیاتر لە باڵەخانە نوێیەکاندا دەبینرێت، هەر بۆیە لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ماڵەکان دەبنە جێگەی هەستکردن بە گەرمایەکی توند.
3 کاتژمێر پێش ئێستا