کەشتییەک لە دوورگەیەکی ڤێتنام وەرگەڕا و 15 کەس گیانیان لەدەستدا

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەمبوڵانس و تیمە فریاگوزارییەکان لە کەنار دەریا سەرقاڵی گواستنەوە و بە هاناوەچوونی قوربانی رووداوەکەن. فۆتۆ: AFP
ئەمبوڵانس و تیمە فریاگوزارییەکان لە کەنار دەریا سەرقاڵی گواستنەوە و بە هاناوەچوونی قوربانی رووداوەکەن. فۆتۆ: AFP

ماڵپەڕی ڤی ئێن ئێکسپرێسی ڤێتنامی، بە پشتبەستن بە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی وڵاتەکە بڵاویکردەوە، کەشتییەکە لە دوورگەی فوکوۆک لە باشووری ڤێتنام وەرگەڕاوە و 36 کەسی هەڵگرتبوو، 32 یان گەشتیاری هندستانی بوون، 15یان گیانیان لەدەستداوە و 21 کەسەکەی دیکەش ڕزگارکراون کە بەشێکیان بریندارن.

باڵیۆزخانەی هیندستان ناوەندی وەڵامدانەوەیان دامەزراندووە

باڵیۆزخانەی هیندستان لە ڤێتنام ڕایگەیاند، چاودێری ڕووداوەکە دەکەن و ناوەندی وەڵامدانەوەی فریاگوزارییان لە ناوچەکە دامەزراندووە، بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتوو و بریندارەکان.

بەدواچوون بۆ هۆکاری ڕووداوەکە

باڵیۆزخانەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بەدواداچوون بۆ هۆکاری ڕووداوەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوخۆییەوە بەردەوامە و دواتر وردەکارییەکانی ڕووداوەکە ئاشکرا دەکرێن".

شوێنی ڕووداوی وەرگەڕانی کەشتییەکە

بەگوێرەی ڤی ئێن ئێکسپرێس کەشتییەکە لە دوورگەی 'هۆن مای ڕووت'ـەوە بەرەو بەندەری 'ئان تۆی' دەڕۆیشت، دوای نزیکەی 400 مەتر دوورکەوتنەوە لە شوێنی دەرچوونیەوە وەرگەڕاوە.

سەرەتای زریانی تایفۆن بووە لە ناوچەکە

ئاماژەیان بەوەش کردووە، بارودۆخی دەریا ناجێگیر بووە و لەو کاتەدا شەپۆلی گەورە هەبووە و سەرەتای دەستپێکردنی زریانی تایفۆن بووە، کە بەشێک لە وڵاتانی ئاسیای گرتووەتەوە.

فوکوۆک، گەورەترین دوورگەی ڤێتنامە و یەکێکە لە بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانی وڵاتەکە، لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجی زۆرێک لە گەشتیارانی هیندستانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا