دەشتی کەڵهوڕی سروودێک بۆ خانەقین بڵاودەکاتەوە
دەشتی کەڵهوڕی نوێترین بەرهەمی خۆی بڵاودەکاتەوە و بەرهەمەکەشی سروودێکە بۆ شاری خانەقین.
"سروودێک بۆ شارە دڵخوازەکەمان خانەقین"
لەلێدوانێکیدا بۆ دێسکی کولتووری کەناڵ8، دەشتی کەڵهوڕی ڕایگەیاند: "بە شانازی و خۆشحاڵییەوە، مژدەی بەرهەمێکی هونەری نوێتان پێ دەدەین؛ سروودێک بۆ شارە دڵخوازەکەمان خانەقین، شارێک کە لە هەناوی مێژوو، فەرهەنگ، هونەر و خەباتدا شوێنێکی تایبەتی هەیە".

ناسنامەی فەرهەنگی ئەم شارەیە
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم سروودە تەنها گۆرانییەک نییە بەڵکو دەنگی دڵی خانەقینە، وێنەی جوانیی سروشتی، مێژووی پڕ لە شانازی، زاراوە شیرینەکەی و ناسنامەی فەرهەنگی ئەم شارەیە.
ئاواز و موزیکی ئەم بەرهەمە خۆی ئەنجامیداوە
دانانی ئاواز، موزیک و سەرپەرشتی ئەم بەرهەمەش دەشتی کەڵهوڕی خۆی ئەنجامیداوە و تێکستەکەشی بە هاوکاری کەنعان حسێن نووسراوە.

لە لێدوانەکەیدا، دەشتی کەڵهوڕی ڕایدەگەیەنێت، بانگهێشتێکی دڵسۆزانە ئاراستەی کاربەدەستان، سەرمایەداران و هەموو دڵسۆزانی خانەقین دەکەین کە دەستی هاوکاری بۆ ئەم پڕۆژە نیشتمانییە درێژ بکەن، تاکو بتوانین کلیپێکی شایستە و لە ئاستی ناوی خانەقین بەرهەم بهێنین، کلیپێک کە شایستەی مێژوو، جوانی و شکۆی ئەم شارە بێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردوودا بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەشتی کەڵهوری بەرهەمێکی نیشتمانی بڵاوکردەوە و هاوکات سروودێکیشی تایبەت بە زانکۆی گەرمیان بڵاوکردەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا