وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕۆژنامەوانەکان ناچار دەکات ناوی سەرچاوەکانیان ئاشکرابکەن
دوای ئەوەی ترەمپ بە ناچاری و لەبەر هەڕەشەی ئەمنی، فڕۆکە مۆدێل کۆنەکەی بەکارهێنا بۆ جێهێشتنی تورکیا، بەشێک لە میدیای ئەمریکا و بەتایبەت نیویۆرک تایمز، وایان پیشاندا کە فڕۆکە مۆدێل تازەکە سیستمی بەرگری لەخۆکردنی تێدا نییە و بووە هەڵڵا، ئێستا حکومەت هاتووەتە سەر خەت و دەڵێت، وەرن کێ ئەو زانیارییەی پێداون دەبێت پێمانی بڵێن
بە مەبەستی ئاشکراکردنی سەرچاوەی زانیارییەکانیان
وەزارەتی دادی ئەمریکا ژمارەیەک ڕۆژنامەوانى ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بۆ لێپرسینەوە لە ڕاپۆرتێکى بڵاوکراوە بانگێشت دەکات و دەیەوێت ناوى ئەو بەرپرسانەى بۆ ئاشکرا بکەن، زانیارییان پێداون و سەرچاوەی زانیارییەکەن.
گوایە فڕۆکە نوێیەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا سیستمی بەرگری تیا نییە
پێنج ڕۆژنامەوان بە ناوی تایلەر بیڤەر، ئێریک لیپتۆن، ئادەم گۆڵدمان، ئێریک شمیت و جولیان بارنز، ڕاپۆرتێکیان لەسەر فڕۆکە نوێیەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئامادەکردووە و وایان پیشانداوە، کە ئەو فڕۆکەیە سیستمی بەرگریی پێشکەوتووی تێدا نییە.
ناچارکردنی ڕۆژنامەوانان بە ئاشکردنی سەرچاوەی زانیارییە هەستیارەکان
وەزارەتی دادی ئەمریکا لەڕێگەی بڕیارێکەوە دەیەوێت ئەو ڕۆژنامەوانانە ناچاربکات، گوتەی خۆیان بدەن و ئەو زانیارییە هەستیارانەى لەلایەن بەرپرسانى حکومەتى وڵاتەکەوە پێیاندراوە، ئاشکرا بکەن.
فڕۆکە نوێیەکە لە لایەن قەتەرەوە پێشکەشی سەرۆکی ئەمریکا کراوە
لە ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، فڕۆکە تازەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا (بۆینگ 8-747) کە قەتەر بە دیاری بە ترەمپی دا، سیستمی بەرگریی مووشەکی پێشکەوتووی تێدا نییە، لەکاتێکدا سیستمی دژە مووشەکی گەرم لە فڕۆکە کۆنەکەی سەرۆکایەتیی بە ناوی ئێیر فۆڕس وەن هەیە.
ناچارکردنی ترەمپ لە لایەن هێزی خزمەتگوزاریی نهێنییەوە
ئەم کەموکورتییە لەکاتێکدایە، بەهۆى جەنگ دژى ئێرانەوە، هەڕەشەی ئەمنی لەسەر ترەمپ هەیە، هەر بۆیە هێزە خزمەتگوزارییە نهێنییەکانی ئەمریکا ترەمپیان ناچارکرد، لە تورکیاوە بە فڕۆکە کۆنەکەی بگەڕێتەوە بەریتانیا و لەوێشەوە بۆ واشنتن.
هەڕەشە بۆسەر ئازادی ڕۆژنامەوانی
لەلای خۆشیەوە، دەستەى نووسەرانی ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز، سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی کرد کە بەرامبەر ڕۆژنامەوانەکانی دەرچووە، ڕاوێژکاری یاسایی ڕۆژنامەنەکەش ئەم ڕێکارەی بە کارێکی ناشرین وەسفکرد، کە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئازادیی ڕۆژنامەوانی.
2 کاتژمێر پێش ئێستا