کەرکووک؛ دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار لە بازگەی دارەمان بە تۆمەتی ساختەکاری لە بارێکی 10 تۆنیی کەرەستەی پزیشکیدا
دەستەی دەستپاکیی کەرکووک لە بازگەی دارەمان، شۆفێرێک و فەرمانبەرێکی بە تۆمەتی دەستکاریکردنی داتا گومرگییەکانی بارێکی 10 تۆنیی کەرەستەی پزیشکیی هاوردەکراو دەستگیر کرد، کە ویستوویانە وەک بەرهەمی ناوخۆیی و بۆ خۆدزینەوە لە باج تێپەڕی بکەن، ئەمەش هاوکاتی بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکانە لەگەڵ پێنج فەرمانبەری تری بازگەی چیمەن.
دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار لە بازگەی دارەمان
شەوی ڕابردوو دەستەی دەستپاکیی کەرکووک، دوو کەسی لە بازگەی دارەمان، بە تۆمەتی دەستکاریکردن بە داتا گومرگییەکانی 10 تۆن کەرەستەی پزیشکی، دەستگیر کرد.
بۆسەیەک بۆ ئاشکراکردنی فێڵی بازگەیەک
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبارەی چۆنیەتیی ڕووداوەکەوە بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو لە بازگەی دارەمان لە کەرکووک، شۆفێرێک دەستگیرکراوە کە لە داتا گومرگییەکەیدا نووسیویەتی ئەو بارە 10 تۆنییەی دەیگوازێتەوە، کەرەستەی پزیشکیی بەرهەمهێنراوی ناوخۆییە، فەرمانبەرێکیش ڕێگەی داوە بە تێپەڕبوونی، دواتر لە بۆسەیەکدا و بە هەبوونی زانیاریی هەواڵگیری، دەرکەوتووە بەرهەمەکە هاوردەکراوە و دروستکراوی ناوخۆ نییە و هاوردەکردنی نایاساییە.
ڕێکارە یاساییەکان و ماددەی سزادانی تۆمەتباران
لێکۆڵەرەوانی دەستەی دەستپاکی لەبارەی ڕێکارە یاساییەکانەوە ڕایانگەیاند، پاش ئەو ڕووداوە، شۆفێری بارهەڵگرەکە و ئەو فەرمانبەرەی بازگەی دارەمان لەلایەن لێکۆڵەرەوانی دەستەی دەستپاکییەوە بە تۆمەتی دەستکاریی داتا گومرگییەکان و خۆدزینەوە لە پێدانی باج بۆ بارەکە، بە ماددەی 340ی یاسای سزادان، دەستگیرکراون.
بەردەوامیی دەستگیرکردنی فەرمانبەرانی بازگەکان لە کەرکووک
دەستگیرکردنی ئەم دوو کەسە لە بازگەی دارەمان لە کاتێکدایە، مانگی ڕابردوو پێنج فەرمانبەری بازگەی چیمەن لە کەرکووک، دەستگیرکران و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستیپێکردووە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا