لافاو لە چین 900 ماری لە کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ماردا بردووە و ماری کوبرا و ژەهراویشیان لە ناودایە

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنی چەند مارێک کە لافاوەکەی هانگژووی چین بردوونی
دیمەنی چەند مارێک کە لافاوەکەی هانگژووی چین بردوونی

دوای ئەوەی لافاوێکی وێرانکەر شاری هانگژووی چینی گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 40 کەس، ئێستا دانیشتووانی ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی نوێ بوونەتەوە، کە ئەویش بڵاوبوونەوەی 900 ماری جۆراوجۆر و کۆبرایە، کە بەهۆی ڕووخانی کێڵگەیەکی بەخێوکردنی مارەکانەوە گەیشتوونەتە ناو گوند و زەوییە کشتوکاڵییەکان و تیمەکانی فریاکەوتنی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

کارەساتی لافاو و هەڵاتنی مارەکان

دانیشتووانی شاری هانگژووی چین، چەند ڕۆژێکە بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە بەدەست لافاوەوە دەناڵێنن و تاوەکو ئێستا نزیکەی 40 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئێستا سەرباری لافاوەکە مەترسییەکی دیکە کەوتووەتە سەر ژیانیان ئەویش ئەوەیە، لافاوەکە کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ماری ڕووخاندووە و بەهۆیەوە 900 مار ئاو بردوونی و بە گوندی دەنگویدا بڵاوبوونەتەوە.

بڵاوبوونەوەی مارە ژەهراوییەکان لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان

لە دیمەنەکاندا دەبینرێت، دەیان مار بە کۆمەڵ سەر ئاو کەوتوون و لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و ڕێگاوبان و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە، کە ماری کۆبرا و جۆری زۆر مەترسیداریان تێدایە، تیمەکانی فریاکەوتن بڵاوکراونەتەوە و هۆشداریی جدی دراوە بە دانیشتووان.

هۆشداریی بەپەلە بۆ دانیشتووانی گوندەکان

ڕووداوەکە لە 7ی تەمموزەوە لەلایەن بەرپرسانی چینەوە پشتڕاستکراوەتەوە و دەستبەجێ داوا لە دانیشتووان کراوە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و خۆیان لە ئاوی لافاو بەدوور بگرن و هەر جۆرە مارێکیان بینی ئاگاداریان بکەنەوە.

هەوڵەکان بۆ گرتنەوەی مارە هەڵاتووەکان

تیمەکانی بەرپرسانی ناوخۆیی و گوندنشینەکان بە تۆڕی ماسیگرتن و کەرەستەی دیکەوە جێگیرکراون بۆ گرتنەوەی ئەو مارانەی کە ئاو بردوونی.

جۆری مارەکان و ڕێنماییە تەندروستییەکان

بەرپرسانی ناوچەکە لەبارەی جۆری مارە بڵاوبووەوەکانەوە ئاماژەیان بەوە کردووە، زۆرینەی ئەو مارانەی ئاو بردوونی، جۆری ژەهراوی نین و هاوشێوەی ماری ئاوین، بەڵام چەند کۆبرایەکیش بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ڕێنمایی بەپەلە سەبارەت بە پێوەدانی مار دەربکەن.

تۆمارکردنی حاڵەتەکانی مارپێوەدان

بەگوێرەی زانیاریی میدیا ناوخۆییەکانی چین، چەند کەسێک مار پێوەیداون و گەیێنراونەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن، بەڵام ئەم دوو ڕۆژە تاڕادەیەک ئاوی لافاوەکە کەمیکردووە، ئەوەش مەترسی بڵاوبوونەوەی مارەکانی کەمکردووەتەوە.

بەردەوامیی زریانی مایساک و بارانبارین

نزیکەی هەفتەیەکە زریانی مایساک بەشێک لە وڵاتی چینی گرتەوە و بەهۆیەوە بڕێکی زۆر باران باریوە و لافاوی دروستکردووە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کاریگەریی زریانەکە بەردەوام دەبێت و بڕێکی زیاتر باران دەبارێت.

چین لەبەردەم هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا

چین یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو لەژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوادایە و لە وەرزی هاویندا هەندێک ناوچەی ڕووبەڕووی کارەساتی سروشتی و لافاو دەبێتەوە و هەندێک ناوچەشی تووشی گەرمای توند دەبێت.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا