عێراق دەیەوێت لەڕێگەی لێکگەیشتنێکەوە پارە دزراوەکان و تۆمەتباران وەربگرێتەوە
عێراق ڕەشنووسێکی لێکگەیشتنی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی سامانە دزراوەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی هەڵاتوو ئامادە کردووە، لە کاتێکدا دەستەی دەستپاکیی وڵاتەکە ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی یاسا ناوخۆییەکان، بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و مافی پەنابەرێتییەوە، بەشێک لە وڵاتان ئامادە نین هاوکاریی بەغداد بکەن.
هەڵوێستی وڵاتان بەرامبەر بە هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە عێراق
لەپاش دەستپێکردنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران لە عێراق، عەباس موتعب، بەڕێوەبەری گەڕاندنەوە لە دەستەی دەستپاکیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، بەشێک لە وڵاتان هەماهەنگن لە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق، بەڵام بەشێکی دیکەیان هاوکار نین بەهۆی هەبوونی هۆکاری تایبەت بە خۆیان.
ئاستەنگە یاساییەکانی بەردەم ڕادەستکردنەوەی تۆمەتباران
عەباس موتعب لەبارەی ئامادەکردنی ڕەشنووسەکەوە ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەشنووسی لێکگەیشتنیان ئامادەکردووە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان بۆ گەڕاندنەوەی پارە و سامانی عێراق و گەڕاندنەوەی تۆمەتبارەکانیش، بەڵام بە گوتەی ئەو، بەشێکی وڵاتان یاسا ناوخۆییەکانیان ڕێگە نادات هاوکاریی عێراق بکەن.
ڕێکارە جێگرەوەکانی بەغداد بۆ گەڕاندنەوەی پارەکان
ناوبراو لەبارەی گرتنەبەری ڕێگەی دیکەوە دەشڵێت، عێراق پەنای بردووەتە بەر ئەنجامدانی دانووستان و گرتنەبەری ڕێکاری جێگرەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە، بۆ گەڕاندنەوەی پارە و تۆمەتبارانی بردنی ئەو پارانە.
بیانووی وڵاتان و خستنەگەڕی پارە دزراوەکان لە ئابوورییاندا
عەباس موتعب لەبارەی هۆکاری هاوکارینەبوونی ئەو وڵاتانەوە دەڵێت، بیانووی وڵاتان بۆ پابەند نەبوون بە گەڕاندنەوەی پارە و گەندەڵکاران، تەنیا یاسا نییە، بەڵکو بەشێکی پەیوەندی بەوەوەیە پارەکان لەناو ئابووری وڵاتەکانیاندا خراوەتە گەڕ و بەشێکیشیان پەیوەندی بە لایەنی مرۆییەوە هەیە، یاخود بەشێک لە گەندەڵکاران پەنابەری وڵاتێکی دیاریکراون و ئاستەنگ هەیە لە ڕادەستکردنیان.
واژۆکردنی ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئینتەرپۆل
ئەم ڕەشنووسی لێکگەیشتنە نێودەوڵەتییەی عێراق ئامادەیکردووە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 10ـی ئەم مانگە دەستەی دەستپاکیی عێراق لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی، ئینتەرپۆل لە بەغداد، ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد.
دەستکەوتەکانی پێشووی دەستەی دەستپاکی
بەگوێرەی لێدوانێکی پێشووتری عەباس موتعب، دەستەی دەستپاکی توانیویەتی نیوەی تۆمەتبارانی هەڵاتوو بگەڕێنێتەوە عێراق و بڕێکی زۆر باش لە پارە براوەکانیش بگێڕێتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا