مەعاریف: ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ بۆردوومانکردنی ژێرخانی ئێران دەکات

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەرزبوونەوەی دووکەڵی هێرشێکی پێشتری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
بەرزبوونەوەی دووکەڵی هێرشێکی پێشتری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە کە سوپای ئیسرائیل پلانەکانی بۆ بۆردوومانکردنی ژێرخانی نەوت، گاز و وزەی ئێران تەواو کردووە بۆ ئەگەری بەرپابوونی هەر جەنگێکی ڕاستەوخۆ، بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێستادا پێی باشترە بژاردەی سەربازی وەک کارتی گوشار بهێڵێتەوە.

ئامادەکارییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل پلانڕێژیی بۆ بۆردوومانکردنی ژێرخانی ئێران کردووە، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ، یان هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

ئامادەیی سوپا بۆ پێکانی ئامانجە نوێیەکان

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلەوە لەبارەی پلانە هێرشبەرییەکانەوە دەڵێت، سوپای وڵاتەکە پلانەکانی هێرشبەریی تەواو کردووە و ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسی بڕیاری جەنگ بدات، ئامادەن ئەو ئامانجانە لەناوببەن، کە لە خولەکانی پێشووی جەنگدا نەکرابوونە ئامانج.

ئامانجەکانی ناو پلانی هێرشەکەوە

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئامانجە نوێیەکان، دامەزراوەکانی نەوت و گازی ئێران لەخۆدەگرێت، کە دیارترینیان دوورگەی خارگ و وێستگەکانی کارەبا، دامەزراوە پیشەسازییەکان و تۆڕەکانی گواستنەوەن، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیجێکدا جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانج لێی زیادکردنی گوشارە بۆ سەر ئابووریی ئێران.

هۆکاری نەپێکانی ئەو ئامانجانە لە ڕابردوودا

بە گوتەی ئەو بەرپرسانەی ئیسرائیل، ئەو ئامانجانە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکانی پێشوودا لەبەرچاو گیرابوون، بەڵام بڕیارێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێگربوون لە بەئامانجکردنیان.

هەڵوێستی نەتانیاهوو لەسەر کاتی دەستپێکردنی هێرشەکە

مەعاریف لەبارەی بڕیاری سیاسیی نەتانیاهووەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئامادەکاریی سەربازی، بنیامین نەتانیاهوو، لە ئێستادا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێی باشترە بەشدار نەبێت لە هێرشکردنە سەر ئێران و بژاردەی سەربازیی بهێڵرێتەوە بۆ ئەو کاتەی دۆخەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا