عەممار حەکیم داوای دادگاییکردنی ئاشکرای گەورە گەندەڵکاران دەکات و جەخت لە نەبوونی چاوپۆشی دەکاتەوە

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەتی نیشتمانی
عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەتی نیشتمانی

عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەتی نیشتمانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ چاوپۆشی و لێخۆشبوونێک لە بەرامبەر گەندەڵکاران و دەستدرێژیکاران بۆ سەر سامانی گشتی ناکرێت، هاوکات داوای دادگاییکردنی ئاشکرای گەورە بەرپرسان دەکات؛ ئەمەش هاوکاتی دەستگیرکردنی کاندیدێکی هاوپەیمانێتییەکەیەتی بە تۆمەتی گەندەڵی.

ڕەتکردنەوەی چاوپۆشی و دادگای ئاشکرا

عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەتی نیشتمانی جەخت دەکاتەوە "چاوپۆشی و لێخۆشبوون لە گەندەڵکاران ناکرێت"، داواش دەکات دادگاییکردنی گەورە گەندەڵکاران بە ئاشکرا بێت.

پاراستنی سامانی گشتی و سزادانی سەرپێچیکاران

عەممار حەکیم لەبارەی دەستدرێژیکردنە سەر سامانی گشتییەوە لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "چاوپۆشی و لێخۆشبوون نییە لەگەڵ هەر کەسێکدا کە تۆمەتباربوونی بە دەستدرێژیکردنە سەر سامانی گشتی پشتڕاست دەکرێتەوە".

پاڵپشتیی سیاسی بۆ حکومەت و دادگاکان لە دۆسیەی گەندەڵیدا

حەکیم لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێپێچینەوەوە، پاڵپشتی بۆ دادگا و حکومەت پیشانداوە بۆ بەدواداچوون لە "گەندەڵکاران و لێپێچینەوە لێیان". دەشڵێت گرنگ نییە چ هەر پۆستێکیان هەبێت یاخود سەر بە هەر لایەنێک بن.

یەکسانی لەبەردەم یاسا و کاریگەریی پێگە سیاسییەکان

بە گوتەی سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەتی نیشتمانی، لایەنی سیاسی و پێگە و پۆست نابێتە هۆکار بۆ دەربازبوون لە لێپێچینەوە.

دەستگیرکردنی بەربژێرێکی لیستی هاوپەیمانییەکەی حەکیم

ئەوەش لە کاتێکدایە حسێن تاڵب، بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستەکەی عەممار حەکیم سوێندی یاسایی بخوات و ببێتە پەرلەمانتار، بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا