ئیرەوانی: ئەمریکا بەردەوامبێت لە هێرشەکانی پابەندنابین بە یاداشتی نێوانمانەوە
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا و پابەندنەبوون بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان هۆشداریی دا و گوتی، ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە هێرشەکانی و پابەند نەبێت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیانەوە، چیتر ئێرانیش پێیانەوە پابەند نابێت.
پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئێران لەلایەن واشنتنەوە
دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی پرسی چەکی ئەتۆمی، ئیرەوانی ڕایگەیاند: "ئەمریکا جارێکی دیکە لە ڕێگەی هێرشەکانەوە پابەندبوونی خۆی پێشێل کردووە و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێرانی کردووەتە ئامانج".
کشانەوەی ئەمریکا و شکستی وڵاتانی ئەورووپی
نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هۆکارەکانی ئاڵۆزیی دۆخەکە و کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری دروستبوونی ئەم دۆخەی ئەمڕۆ، کشانەوەی ئەمریکایە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018 و ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ سەر وڵاتەکەیان، ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی ئەورووپا، لە ناویاندا فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیای تۆمەتبار کرد بە پابەندنەبوون بەو بەڵێنانەوە کە لەو ڕێککەوتنەدا بە ئێرانیان دابوو.
ڕەخنە لە هێرشە سەربازییە نایاساییەکان
هۆکاری بنەڕەتیی دۆخی ئێستا ئاشکرایە، کە کشانەوەی نایاسایی ئەمریکایە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018؛ ئەمە جگە لە شکستی ئەورووپییەکان بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان و هێرشە سەربازییە نایاساییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی ئیسرائیل دژ بە ئێران.
پاشەکشە لە پابەندییەکان وەک بژاردەی کۆتایی
دوای هەموو ئەو هێرشانەش، ئەمریکا جارێکی دیکە لە ڕێگەی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانەوە، پابەندبوونی خۆی پێشێل کردووە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی دیکەی ئاشکرای ماددەی 1 و 2ی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانمانە، ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە پێشێلکردنی یاداشتەکە، ئێرانیش چیتر پابەند نابێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا