دیلان غەفور: عێراق لە دۆخێکی دارایی دژواردایە و حکومەت 6 پڕۆژەیاسای بۆ زیادکردنی داهات ئامادە کردووە

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا
دیلان غەفور، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد
دیلان غەفور، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد

پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای دەکات کە بەهۆی نەفرۆشتنی نەوتەوە عێراق لە دۆخێکی دارایی دژواردایە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی شەش پڕۆژەیاسای بە ئامانجی فرەسەرچاوەکردنی داهات و دانەوەی قەرزەکان پێشکەشی پەرلەمان کردووە و شێوازی بودجەی ساڵی داهاتووش دەگۆڕدرێت بۆ شێوازی بەرنامە.

کەمبوونەوەی داهاتی عێراق و کۆبووەنەوەی لیژنەی دارایی

دیلان غەفور، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند، عێراق لە دۆخێکی دارایی دژواردایە و داهات تەواو کەمبووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد، لە سەردانی هەفتەی ڕابردووی وەزیری دارایی بۆ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران بە وردی باسی دۆخی ئابووری و کەمبوونەوەی داهات و هەنگاوەکانی حکومەتی کرد لە پێناو زیادکردنی داهات.

قەیرانی دارایی و پشتیوانیی پەرلەمان لە حکومەت

دیلان غەفور لەبارەی گرفتەکانی بەردەم سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی عێراقەوە ڕایگەیاند، بەهۆی نەفرۆشتنی نەوت و داخرانی گەرووی هوورمز، سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی وڵات کە فرۆشتنی نەوتە تووشی گرفت بووە، حکومەت کاردەکات بۆ فرەسەرچاوەکردنی داهات و ئەوانیش لە پەرلەمانەوە پشتیوانیی دەکەن.

شەش پڕۆژەیاسا بۆ کەمکردنەوەی فشاری سەر مووچە

بە گوتەی دیلان غەفور، وەزارەتی دارایی شەش پڕۆژەیاسای ئامادەکردووە و ڕادەستی لیژنەی دارایی کردوون کە ئامانج لێیان زیادکردنی داهاتە لە ڕێی چاکسازیی وەبەرهێنان، بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی، فرۆشتنی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی، مۆڵەتی فەرمانبەران و گواستنەوەیان بۆ کەرتی تایبەت لە پێناو کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر پارەی مووچە.

بژاردەی فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، حکومەتی عێراق قەرزێکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکیی لەسەرە و بەدوای ڕێگەچارەی گونجاودا دەگەڕێت بۆ دانەوەی قەرزەکان، یەکێک لەوانەش فرۆشتنی موڵک و ماڵی دەوڵەتە.

گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا

دیلان غەفور لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە گوتی "حکومەت کاری لەسەر دەکات و بۆ ساڵی داهاتوو یاسای بودجەی دەبێت و بودجە لە شێوازی بەندەوە دەگۆڕێت بۆ بەرنامە، ئەم شێوازی بودجەیەش لە وەزارەتەکاندا سەرەتا لە وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت و لە پارێزگاکانیش لە سەلاحەدین و دیوانیە جێبەجێ دەکرێت".

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا