سەرۆکوەزیرانی عێراق: کریستیانەکان هاوبەشێکی سەرەکیی بونیادنانی دەوڵەت و مێژوون
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی چەسپاندنی سەقامگیری و ڕۆڵی پێکهاتەکان ڕایگەیاند، حکومەت بەردەوامە لە چەسپاندنی سەقامگیری و ئەو هەوڵانەی ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەردەوام مسۆگەر دەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، کریستیانەکان پێکهاتەیەکی کاریگەر و هاوبەشێکی سەرەکین لە بونیادنانی دەوڵەت و دروستکردنی مێژوو و داهاتووی عێراقدا.
پێشوازی لە سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان
نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە پاتریارک مارپۆڵسی سێیەم نۆنا، سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان و شاندی هاوڕێی کردووە.
هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئایینی وەک سەرچاوەی هێز
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، هێزی عێراق لە هەمەجۆریی نەتەوەیی، ئایینی و کولتوورییەکەیدایە، هەروەها لە یەکڕیزی و تەواوکاری و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی نێوان ڕۆڵەکانییەتی.
ڕۆڵی کریستیانەکان لە بونیادنانی داهاتووی وڵات
سەرۆکوەزیران لەبارەی پێگەی پێکهاتەی کریستیان لە عێراقدا گوتیشی، کریستیانەکان پێکهاتەیەکی کاریگەر و هاوبەشێکی سەرەکین لە بونیادنانی دەوڵەت و دروستکردنی مێژوو و داهاتووی عێراقدا.
گەڕانەوەی ئاوارەکان لە پێشینەی کارەکانی حکومەت
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کردووە، گەڕانەوەی کریستیانەکان، کە بەهۆی بارودۆخە سەختەکانی عێراقەوە ناچار بوون وڵات جێبهێڵن، لە پێشینەی کارە نیشتمانی و حکومییەکانە و حکومەتیش بەردەوامە لە چەسپاندنی سەقامگیری و هەر شتێک کە ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەردەوام مسۆگەر بکات.
دابینکردنی زەوی و ئاسانکاری بۆ خێزانە کریستیانەکان
عەلی زەیدی ئامادەیی حکومەتیشی بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بۆ پشتگیریکردن لە گەڕانەوەی خێزانە کریستیانەکان و سوودمەندبوونیان لە پڕۆژەی 1 ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، عێراق نیشتمانی هەموو عێراقییەکانە و هەمەجۆری تێیدا سەرچاوەی هێزە بۆ کۆمەڵگە و دەوڵەت.
بانگەواز بۆ سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی دەرەوە
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سەرۆکوەزیران داوای لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی کریستیانی عێراقی دەرەوەی وڵات کردووە، بگەڕێنەوە و بەشداری لە پڕۆسەی بونیادناندا بکەن و سوود لە دەرفەتە وەبەرهێنانە بەردەستەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا وەربگرن، بەتایبەتی لە کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە.
پشتگیریکردنی پڕۆژەکان و ڕەخساندنی هەلی کار
سەرۆکوەزیران لەبارەی هاندانی کەرتی تایبەت و گەشەی ئابووری جەختی کردووەتەوە، حکومەت چەندین پشتگیرییان پێشکەش دەکات بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانیان و بەهێزکردنی بەشدارییان لە گەشەپێدانی ئابووری و دابینکردنی هەلیکاردا.
1 کاتژمێر پێش ئێستا