دژیەکى لە داتا بڵاوکراوەکانى فەرمانگەى میدیا و زانیاری و وەزارەتى دارایی هەیە؛ جیاوازی لە دامەزراندندا کراوە

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی حەوت ساڵی تەمەنیدا و بەبێ بوونی یاسای بودجە، 64 هەزار و 771 کەسی بە شێوەی هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراندووە، لە کاتێکدا دژیەکیی زق لە نێوان ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا لەگەڵ نادادپەروەری لە دابەشکاریی جوگرافیی پشکەکاندا بەدی دەکرێت.

ئامارە گشتییەکانی دامەزراندن لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا

بەبێ بوونی یاسای بودجە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، لە ماوەی حەوت ساڵی تەمەنیدا، 64 هەزار و 771 کەسی دامەزراندووە، کە دادپەروەری لە دابەشکردنی دامەزراندنەکاندا، بەگوێرەی پێویستیی پارێزگاکان نەبووە.

ئاماری دامەزراندنەکان

بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، ئەم کابینەیە کە تەمەنی حەوت ساڵە، 42 هەزار و 37 مامۆستای بۆ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دامەزراندووە، لەگەڵ 8 هەزار و 778 فەرمانبەر بە گرێبەست بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت.

دامەزراندنی دەرچووانی یەکەم و سێیەمەکانی زانکۆکان

هەروەها 2 هەزار و 787 کەسی لە سێیەمەکانی زانکۆکان لە ساڵانی 2015 بۆ 2016 و 2016 بۆ 2017 دامەزراندووە.

پۆلێنکردنی جۆری کارمەندانی هەمیشەیی و گرێبەست

حکومەتی کاربەڕێکەر لەبارەی پۆلێنکردنی دامەزراندنەکانەوە ڕایگەیاند، 4 هەزار و 673 پزیشکی گشتی دامەزراندووە، لەگەڵ هەزار و 403 پاسەوان، وەک کارمەندی هەمیشەیی، 5 هەزار و 93 مامۆستای گرێبەستیشی لە کابینەی نۆیەم کردووە بە هەمیشەیی، کۆی گشتیی ئەمانەش 64 هەزار و 771 کارمەندی گرێبەست و هەمیشەیی دەکات.

دژیەکی لەنێوان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا

جگە لەو داتایانەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، لە 23ـی حوزەیران، وەزارەتی دارایی، کتێبێکی قەبارە گەورەی بڵاوکردەوە و لە کتێبەکەدا وەزارەتی دارایی باسی دامەزراندنی بە شێوەی هەمیشەیی و گرێبەست کردووە، بەڵام  لەم کتێبە و داتا 28 پەڕەییەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا، دژیەکی لە هەندێک داتا و ئاماردا هەیە، سەیرەکەش لەوەدایە، باڵەخانەی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران، تەنیا چەند مەترێک لە یەکدییەوە دوورن.

جیاوازیی ئامارەکان لە دۆسیەی دامەزراندنی پزیشکانی گشتیدا

بۆ نموونە، لە کتێبەکەی وەزارەتی دارایی ئەوە خراوەتەڕوو، 3 هەزار و 899 پزیشکی گشتی دامەزراون، بەڵام فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لەم کتێبەدا دەڵێت، 4 هەزار و 673 پزیشک دامەزراون، جیاوازییەکەیان 774 کەسە، ئەمە قسەی کەناڵ8 نییە و داتاى نێوان ئەم دوو کتێبەیە، هەردووکی وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویانکردووەتەوە.

ناڕوونی لە ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە سەرانسەری هەرێمدا

هەروەها لە دامەزراندنی فەرمانبەران بە شێوەی گرێبەست، دیسان دژیەکی هەیە، کە لە کتێبەکەی وەزارەتی دارایی، ئەم کتێبە گەورەیە، دەڵێت 7 هەزار و 588 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست دامەزرێنراون، بەڵام ئەم داتایانەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی 8 هەزار و 778 کەس دەکات، لەمەشدا جیاوازییەکەیان هەزار و 190 کەسە.

نموونەیەک لەسەر ناهاوسەنگیی جوگرافی لە کەرتی تەندروستیدا

ئەمە بەدواداچوونی کەناڵ8ـە بۆ ئەو داتایانەی لەلایەن خودی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەم دژیەکییە لە داتا و ئاماری حکومەتە حەوت ساڵییەکە ڕوونتر دەبێتەوە و نموونەیەک لەسەر ناهاوسەنگی و جیاکاری لە دامەزراندندا لەم کابینەیەدا دەخەینەڕوو، پێشتریش لەسەر دامەزراندن لە وەزارەتی تەندروستی هەواڵمان بڵاوکردبووە و باسی ئەوەمانکردبوو، کە ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، بە نووسراو لە مانگی یەکی ئەمساڵ داوای دامەزراندنی 30 پەرستاری بۆ کردنەوەی چاودێریی چڕ لە هەڵەبجە کرد، بەڵام وەزارەتی تەندروستی گوتی، تۆ باسی چی دەکەیت کاکە، ئەی نازانیت دامەزراندن بە هەموو شێوەیەک ڕاگیراوە.

دامەزراندنی پەرستاران لە پارێزگای دهۆک بە فەرمانی نهێنی

لە بەردەوامیی ئەو دۆخە نادادپەروەرییانەدا بە فەرمانێکی نهێنی، 23 پەرستار بۆ دهۆک دامەزران و بۆ هیچ یەک لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئەو دامەزراندنە نەکراوە.

نادادپەروەری لە کەرتی سەربازی و سێکتەرەکانی دیکەدا

دۆخی نادادپەروەری و جیاکاریکردن لەگەڵ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان تەنیا سنووردار نەبووە بە دامەزراندنی چەند دەرچوویەکی بەشە پزیشکییەکان و ئەو نادادپەروەرییە ئەنجام درابێت، دەبێت لە کەرتی سەربازی و کەرتەکانی دیکە غەدرەکە زیاترە.

هەڵوێستی هاوسۆزیی کەناڵ8 لەگەڵ دەرچووانی دانەمەزراودا

کەناڵ8 نەک دژی دامەزراندنی هیچ چین و توێژێک نییە، بەڵکو مایکەکەی هەمیشە لەبەردەم ئەو دەرچووە دانەمەزراوانەدایە، کە چەندین ساڵە داوای دامەزراندن دەکەن، هەمیشەش مایکی کەناڵەکەمان و سەرجەم بەش و ماڵپەڕ و سۆشیاڵ میدیای کەناڵەکەمان بۆ گەیاندنی دەنگی دامەزراو و دەرچووە دانەمەزراوەکانیش ئامادەیە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە خستنەڕووی نادادییەکان.

بەرپرسیارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە ناڕاستیی داتا و نادادییەکاندا

داتا و زانیارییەکانی حکومەتە حەوت ساڵییەکە خۆیان ئەوە ڕوون دەکەنەوە، کە جگە لە ناڕاستیی داتاکان، نادادییش کراوە لە نێوان پارێزگاکاندا، ئەگەر دەشڵێن، پەیوەندی بە پارێزگاکانەوە هەیە، خۆ دامەزراندن بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و پەیوەندیی بە داهاتی پارێزگاکانەوە نییە.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا