هەرێمى کوردستان و عێراق لەسەر داهاتى نانەوتى ناکۆکن؛ 45 ڕۆژە مووچەى مانگى ئایار دابەشکراوە
پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و داهاتی نانەوتی، لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بوونەتە کێشەیەکی ئاڵۆز لەنێوان هەولێر و بەغداد؛ لەکاتێکدا هەردوولا لەسەر چەندین خاڵی تەکنیکی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی پشکی هەرێم و کردنەوەی گرێکوێرەی دارایی نێوانیان.
یەکگرتنی دۆسیە داراییەکان و هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتن
مووچە، داهاتی نانەوتی و سیستمی ئەسیکۆدا، بوونەتە سێ پرسی گرێدراوی یەکدی، حکومەتەکەی عەلی زەیدی و حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە پرسی ئەسیکۆدا هەنگاوی باشیان بڕیوە و لەسەر زۆرێک لە خاڵە ناکۆکەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، خاڵە ناکۆکەکانیش بەرزکراونەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ دوا بڕیاردان.
ململانێی داهاتی نانەوتی و سزای دارایی بەغداد
لە پرسی داهاتی نانەوتی کە بەغداد 120 ملیار دیناری مانگانەی کردووەتە مەرج، چەند مانگێکە هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەکانی ناتوانێت ئەو پابەندییە جێبەجێ بکات و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، بەگوێرەی تەرازووی پێداچوونەوە نیوەی داهاتەکەی لێ وەربگرێت، بەڵام بەغداد پێداگری لەسەر دەکات و مانگی ڕابردووش هەرچەندە هەرێمی کوردستان 50 ملیار دینار داهاتی نانەوتی نارد، بەڵام بەغداد 70 ملیار دیناری وەک مەقاسە بڕی.
داواکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە کۆنەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پابەندکردنی بە ناردنی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی ڕایگەیاند، ئەم کارە "نایاساییە" و داوا دەکات بڕیارێکی نوێ لەوبارەیەوە بدرێت و ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە کە لە سەردەمی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانییەوە دراوە و هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە مانگانە 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بداتە بەغداد بۆ ناردنی مووچە.
جەنگ و سیستمە نوێیەکە؛ داهاتی ناوخۆ لە کەمبووندایە
سەرهەڵدانی جەنگ لە ناوچەکەدا و جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.
گەمارۆی بانکی و پەککەوتنی جوڵەی بازرگانی
حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لەبارەی جێگیرکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و کاریگەرییەکانی ڕایگەیاندووە، لە مانگی 1ی ئەمساڵەوە حکومەتی عێراق ئابڵوقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە، هیچ جوڵەیەکی بازرگانی نەماوە.
واژۆکردنی کۆنووسی هاوبەش بۆ یەکخستنی گومرگەکان
بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە گەڕێکی دیکەی دانوستان لە نێوان هەردوو حکومەت دەستی پێکرد، لە 18ی حوزەیران، کۆنووسێکی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە نێوان دەستەی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆکرا و بەرزکرایەوە بۆ ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووری تاوەکو بڕیاری لەسەر بدرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی لە بەغداد
لە 29ی حوزەیران، ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووری بە سەرۆکایەتیی فالح سارسی وەزیری دارایی و شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی کۆبووەوە و گفتوگۆ لەسەر خاڵەکانی ئەو کۆنووسەی واژۆکرابوو کرا.
میکانیزمی نوێی لێخۆشبوونی گومرگی و چاودێریی دەروازەکان
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش سەردانی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، هەروەها بڕیاردرا هەردوو وەزارەتی دارایی کۆنووسێک لەسەر لێخۆشبوونەکان و ڕێگەپێدانە گومرگییەکان ئامادەبکەن و پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن و دوای پەسەندکردنی گشتاندنی بۆ بکرێت بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
پێشنیازەکان بۆ کۆکردنەوەی داهات لە دەستی حکومەتی فیدراڵدایە
لەبارەی کۆکردنەوەی داهاتیش بڕیاردرا پێشنیازەکانی هەردوولا لەبارەی میکانیزمی کۆکردنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبکرێنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و دوا بڕیاری لەسەر بدرێت.
دۆخی تەمومژاویی بڕیارەکان و کۆبوونەوەی چارەنووسساز
بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ پێشنیازەکانی ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووری بخرێنەڕوو بۆ پەسەندکردن بەڵام نەخرایەڕوو، ئەمڕۆش کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە.
قەیرانی مووچە و چاوەڕوانییەکان لە حکومەتی فیدراڵ
ئەمڕۆ چاوەڕوانییەکان لەسەر ئەوەن حکومەتی فیدراڵ، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، ناردنی مووچە و ڕاسپاردەکانی ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووری بەلایەکدا بخات، بەتایبەت کە 45 ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاردا تێپەڕیوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا