یونادم یوسف کەنا بەڵگەنامەکانی تایبەت بە داگیرکردنی زەویی کریستیانەکان لە دهۆک بڵاو دەکاتەوە
یونادم یوسف کەنا، ئەندامی پێشوو تری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەند بەڵگەنامەیەکی لەبارەی زێدەڕۆیکردن و داگیرکردنی زەویی کریستیانەکان لە پارێزگای دهۆک بڵاوکردەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا لە دەیان گوند و ناوچەی کریستیان لە پارێزگای دهۆک زێدەڕۆیکردن و داگیرکردنی زەویی کریستیانەکان بەردەوامە.
هەوڵە مێژووییەکان و ڕاسپاردە فەرمییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم
نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی یونادم یوسف کەنا، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ناوبراو ماوەیەکی زۆرە هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ساڵی 2016 نامەی بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان ناردووە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەش ڕاسپاردەی بۆ چارەسەری کێشەکە دەرکردووە.
پۆلێنکردنی دۆسیەکانی زێدەڕۆیی لەلایەن پارێزگای دهۆکەوە
لەکاتی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکاندا لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە "هەر ئەوکاتەش فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆک ڕاسپێردرا و ئەویش لای خۆیەوە لیژنەیەکی باڵای پێکهێنا کە چوار دۆسیەی ئامادەکرد و تێیدا ئاستی زێدەڕۆییەکانیانی لە (ئاسان، قورس و قورستر) پۆڵێن کرد، بەڵام ئەم هەنگاوانە نەچوونە بواری جێبەجێکردنەوە".
بێئەنجامبوونی کارەکانی لیژنەی وەزاریی کابینەی نۆیەم
بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکە، دوای ئەوەش لیژنەیەکی وەزاری لە کابینەی نۆیەم پێکهێنرا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی کارەکانی ئەو لیژنەیە نەبینراون.
ئامانجی یونادم یوسف کەنا لە خستنەڕووی بەڵگەنامەکان
نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی یونادم یوسف کەنا، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بەو هیوایەن ببێتە هۆی جددییەتی زیاتری لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی مافی هاووڵاتییان و ڕێگریگرتن لەو کەسانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر مافەکانیان.
گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی 50 گوندی کریستیان لەبەردەم ئیدارەی دهۆک
ڕوونکردنەوەکە و خستنەڕووی ئەو بەڵگەنامانە لە کاتێکدایە لە ڕۆژی 6ـی ئەم مانگە لەبەردەم ئیدارەی پارێزگای دهۆک، هاونیشتمانییانی کریستیان دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە گردبوونەوە. بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکە نوێنەرایەتیی نزیکەی 50 گوندی کریستیانیان دەکرد کە دەکەونە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ (دۆڵی نەهلێ)، ئامێدی (بەرواری باڵا)، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و دەشتی نەینەوا.
تۆمەتبارکردنی خزمانی مەسعود بارزانی و پشتگوێخستنی فەرمانی دادگا
بەشداربووانی گردبوونەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە گوندەکانیان لە دوای ساڵانی 90ـەکانەوە داگیرکراون و هاونیشتمانییەکی کریستیان لەناو گردبوونەوەکەدا بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، گوندەکانیان لەلایەن خاڵەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتییەوە داگیرکراون. بەشداربووانی گردبوونەوەکە لەبارەی پابەندنەبوونی بەرپرسان بە بڕیارەکانەوە دەشڵێن، سەرەڕای ئەوەی فەرمانی دادگایان هەیە کە موڵکایەتیی گوندەکان بۆ ئەوان دەسەلمێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا زەوییەکانیان بۆ نەگەڕێندراوەتەوە.














2 کاتژمێر پێش ئێستا