پۆڵا شەهید سیروان: 45 ڕۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە؛ داوای دەستوەردانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
پۆڵا شەهید سیروان درێشەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
پۆڵا شەهید سیروان درێشەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

پۆڵا شەهید سیروان درێشەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای دەستوەردانی بەپەلەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، فەرهاد ئەتروشی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزیری دارایی بۆ چارەسەری کێشەی داهاتەکان بەردەوامە.

داواکاری بۆ چارەسەری پرسی مووچە

پۆڵا شەهید سیروان درێشەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا داوای لە ئەنجوومەنەکە کرد دەستوەردان بۆ چارەسەری پرسی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات.

کاریگەریی دواکەوتنی مووچە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان

پۆڵا شەهید سیروان لەبارەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانەوە لە دانیشتنەکەدا گوتی: "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 45 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانیان هەبووە".

داوای دەستوەردان لە پەرلەمانی عێراق

ئەو پەرلەمانتارە داواشیکرد، ئەنجوومەنی نوێنەران دەستوەردان بکات و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کێشەکە چارەسەر بکات.

وەڵامی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران

لەبەرامبەردا فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەم کە سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی دەکرد لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە وەڵامدا گوتی: "پەیوەندی لەگەڵ وەزیری دارایی بەردەوامە و ئەوان کێشەیان لەگەڵ داهاتەکان هەیە".

وردەکاریی پەیامی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی

پۆڵا شەهید سیروان درێشەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پەیامەکەیەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتی: "پەیامەکە بەکورتی دەگەیەنم سەرۆکی بەڕێز، بەڕێزتان دەزانن ئەمڕۆ 45 ڕۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاونیشتمانییان هەیە، داوا لە بەڕێزتان دەکەم دەستوەردان بکەن و پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدارەوە بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. ئەم کێشەیە پەیوەستە بە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان".

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا