مەلەکردن لە پردی دەلال و کۆڕنیشی زاخۆ قەدەغە کرا
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی زاخۆ، ژمارەیەک ڕێنمایی و ڕێکاری نوێی بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان و ڕێگری لە ڕووداوەکانی خنکان بڵاوکردەوە و مەلەکردنی لە چەند شوێنێک قەدەغە کرد.
قەدەغەکردنی مەلەکردن لە ڕووباری زاخۆ
موقەدەم جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە کەناڵ8ـی ڕایگەیاند، پاش دروستکردنی کۆڕنیشی زاخۆ و بەهۆی بەرزبوونی دیوارەکانی لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکانی خنکان، مەلەکردن لە ڕووباری نزیک پردی دەلال و کۆڕنیش بە یەکجاری قەدەغە کراوە.
دانانی هێمای ئاگادارکردنەوە و کەلوپەلی ڕزگارکردن
موقەدەم جەمال هەسن لەبارەی جێبەجێکردنی پلانە نوێیەکەوە گوتیشی: "لە هەفتەی داهاتووەوە بەدرێژایی ڕووباری کۆڕنیش هێمای ئاگادارکردنەوە و کەلوپەلی ڕزگارکردن لەسەر ئاوەکە دادەنرێن، تاوەکو لە کاتی دروستبوونی هەر حاڵەتێکی ئەگەری خنکان بتوانرێت هاونیشتمانییان ڕزگار بکرێن یان خۆیان گیانی خۆیان بپارێزن".
چاودێریی 24 کاتژمێریی ڕووبارەکە لە ڕێگەی کامێراوە
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی غەواس و ڕزگارکردنی ئاسایی بەشێوەیەکی بەردەوام و لە ڕێگەی کامێراوە 24 کاتژمێر چاودێریی ڕووبارەکە دەکەن.
هۆکاری توندکردنەوەی ڕێکارەکانی بەرگریی شارستانی
هۆکاری سەرەکیی توندکردنەوەی ڕێکارەکان لەلایەن بەرگریی شارستانیی زاخۆ دوای ئەوە دێت سەرەڕای ئەوەی پێشتر هێمای ئاگادارکردنەوە دانرابوون، بەڵام هاونیشتمانی و گەشتیاران پابەندی ڕێنماییەکان نەدەبوون.
2 کاتژمێر پێش ئێستا