سێ گەشتیارى عەرەب دوای 24 کاتژمێر لە گیرخواردنیان لە چیاى سەگرمە ڕزگارکران

ژوان نیزام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ساتی ڕزگارکردنی سێ گەشتیاری عەرەب لە چیای سەگرمە
ساتی ڕزگارکردنی سێ گەشتیاری عەرەب لە چیای سەگرمە

مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و بەرگریی شارستانیی سەنگاو، توانییان سێ گەشتیاری عەرەب لە چیای سەگرمە ڕزگار بکەن، کە بۆ ماوەی زیاتر لە 24 کاتژمێر لە چیای سەگرمە و لە نزیک گوندی (کربچنە) ونبووبوون، پاش دۆزینەوەشیان ئاو، خۆراک و هاوکاریی پزیشکیی پێویستیان پێشکەش کرا.

گەیاندنی فریاگوزاریی سەرەتایی بە گەشتیارەکان

شێخ جەمالی کڕبچنە، شایەتحاڵ و دانیشتووی گوندەکە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باس لەوەدەکات، پاش ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە ونبوونی گەشتیارەکان، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی دارستان و بەرگریی شارستانی توانییان بگەنە شوێنی گەشتیارەکان و ئاو و خۆراکی پێویستیان پێبگەیەنن.

دۆخی گەشتیارە بەساڵاچووەکە

شێخ جەمالی کڕبچنە لەبارەی باری تەندروستیی گەشتیارەکانەوە گوتیشی: "یەکێک لە گەشتیارەکان تەمەنی هەڵکشابوو و بەهۆی ماندوێتی و تینوێتییەوە توانای ڕێکردنی نەمابوو، کارمەندانی پۆلیس بەهۆی سەختیی ڕێگاکەوە، پیاوە بەساڵاچووەکەیان لە کۆڵ کرد و گەیاندیانە شوێنێکی ئارام".

ژوان نیزام

2 کاتژمێر پێش ئێستا