حکومەتى کاربەڕێکەر لە پڕۆژەکاندا جیاوازیى لەنێوان پارێزگاکاندا کردووە
ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن لە ماوەی حەوت ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، جیاوازییەکی بەرچاو لە دابەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بودجە لە نێوان پارێزگاکاندا هەبووە؛ بە جۆرێک سنووری هەولێر و دهۆک پشکی شێری پڕۆژەکان و بودجەیان بەرکەوتووە، لە کاتێکدا پڕۆژەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بە ڕێژەیەکی کەمتر جێبەجێ کراون.
پشکی پارێزگاکان لە پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم
بە ژمارە و داتا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا جیاوازی لە نێوان پارێزگاکاندا کردووە و پشکی شێر بەر هەولێر و دهۆک کەوتووە.
ئاماری پڕۆژە تەواوکراو و تەواونەکراوەکانی ڕێگاوبان
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە نامیلکەی کارەکانی کابینەی نۆیەمدا، لەبارەی پڕۆژەکانی ڕێگاوبانەوە ڕایگەیاند، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، لە کەرتی ڕێگاوباندا 1271 پڕۆژە بڕیاریان لێ دراوە، کە 810 پڕۆژە تەواو کراون و 461 پڕۆژە تەواو نەکراون.
بەراوردی قیرتاوکردنی ڕێگاکان لە نێوان هەولێر و سلێمانی
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەبارەی قیرتاوکردنی ڕێگاکانی دەرەوەی شارەکانەوە ڕایگەیاندووە، لە کۆی 5924 کیلۆمەتر قیرتاو، 2234 کیلۆمەتری لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە و بە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 1511 کیلۆمەتر قیرتاو کراوە.
جیاوازی لە تێچوو و ژمارەی پڕۆژەکانی شارەوانی
هەروەها لە پڕۆژەکانی شارەوانی، کابینەی نۆیەم، جیاوازی لە نێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا کراوە؛ 4340 پڕۆژە لە سنووری هەولێر و دهۆک بە تێچووی 3 تریلیۆن و 881 ملیار و 500 ملیۆن دینار بڕیاریان لێ دراوە، بەڵام تەنیا 972 پڕۆژە بە تێچووی 1 تریلیۆن و 721 ملیار و 500 ملیۆن دینار لە سلێمانی و هەڵەبجە بڕیاریان لێ دراوە.
دابەشبوونی بەنداو و پۆندەکان لە هەرێمی کوردستان
لە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکانیشدا کابینەی نۆیەم جیاوازی لە نێوان پارێزگاکاندا کردووە و لە کۆی 9 پۆند و بەنداو، 7 دانەیان دەکەونە سنووری هەولێر و دهۆک، تەنیا 2 دانەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانن.
دۆخی دارایی و داهاتی پارێزگای سلێمانی
ئەوەش لەکاتێکدایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەڵێنانەی بە سلێمانی داوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە هەر لەسەر داهاتی خودی پارێزگاکە بووە. سەرباری ئەوەی هەموو مانگێک پارێزگای سلێمانی 10 ملیار و 260 ملیۆن دیناری لە پارەی مووچەی بۆ بودجەی سەروەری لێ دەبڕدرێت و 38%ی داهاتی نانەوتیش دابین دەکات.
11/07/2026