کابینەی نۆیەم لە پرۆژەکانی ڕێگاوباندا جیاکاریی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا کردووە
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی حەوت ساڵدا، زیاتر لە 5 تریلیۆن دیناری بۆ پڕۆژەکانی ڕێگاوبان خەرج کردووە؛ بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن زۆرینەی پڕۆژەکان و بودجەکە بۆ سنووری هەولێر و دهۆک بووە و لە بەرامبەردا بەشێکی پڕۆژەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی نەبوونی نەختینەوە ڕاگیراون یان دواکەوتوون.
دابەشبوونی جوگرافیی پڕۆژەکان و قەبارەی بودجەی گشتی
بەگوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، کابینەی نۆیەم لە ماوەی حەوت ساڵی تەمەنیدا 1271 پڕۆژەی ڕێگاوبانی دەرەوەی شارەکانی بە گوژمەی 5 تریلیۆن و 322 ملیار دینار جێبەجێ کردووە، بەڵام زیاتر لە 65%ی پڕۆژەکان و نزیکەی 60%ی بودجەی پڕۆژەکان بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک تەرخانکراون.
بەراوردی درێژایی ڕێگا جێبەجێکراوەکان لە ناوچەکاندا
ئامارەکانی حکوومەت لەبارەی درێژایی ڕێگاکانەوە پیشانی دەدەن، لە کابینەی نۆیەمدا بە درێژایی 3892 کیلۆمەتر ڕێگای دەرەوەی شار لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ و سۆران بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە؛ لە بەرامبەردا لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین 2050 کیلۆمەتر بڕیاری لێدراوە، کە بەشێکی ڕێگاکان بەهۆی نەبوونی بودجەوە تەواو نەبوون.
کۆی بودجەی تەرخانکراو بۆ سنووری هەولێر و دهۆک
هەروەها ئەو بودجەیەی بۆ پڕۆژەکانی ڕێگاوبانی دەرەوە لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ و سۆران تەرخانکراوە 3 تریلیۆن و 185 ملیار دینار بووە، کە دەکاتە نزیکەی 60%ی هەموو پارەی تەرخانکراوی ڕێگاوبانەکان.
ئاستەنگە داراییەکان و چارەنووسی پڕۆژەکانی سلێمانی
بەڵام تەنیا 1 تریلیۆن و 863 ملیار دینار بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین بڕیاری خەرجکردنی دراوە، ئەوەش بەهۆی کەمیی پارەی نەختینەییەوە بەشێکی ئەو پارەیە نەتوانراوە خەرج بکرێت، هەر بۆیە بەشێک لە پڕۆژەکان وەستاون یان کارکردن تێیاندا دواکەوتووە.
بەراوردی ڕێژەی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان بەپێی ناوچەکان
هەولێر + دهۆک + زاخۆ + سۆران: 65%
سلێمانی + هەڵەبجە + گەرمیان + ڕاپەڕین: 35%
بەراوردی بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان بەپێی ناوچەکان
هەولێر + دهۆک + زاخۆ + سۆران: 60%
سلێمانی + هەڵەبجە + گەرمیان + ڕاپەڕین: 40%
11/07/2026