4340 پڕۆژە بۆ هەولێر و 972 بۆ سلێمانی؛ جیاوازییەکانی کابینەی نۆیەم بە ژمارە
ئامارە فەرمییەکانی حکومەت دەریدەخەن کە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان، شارەوانی و بەنداوەکاندا، پشکی شێر بۆ هەولێر و دهۆک بووە و سنووری سلێمانی و هەڵەبجە پەراوێز خراون.
جیاوازی لە قیرتاوکردنی ڕێگاوبانەکان
بەگوێرەی نامیلکەی کارەکانی کابینەی نۆیەم کە فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، لە کەرتی ڕێگاوباندا 1,271 پڕۆژە بڕیاریان لێدراوە. لە کۆی گشتیی 5,924 کیلۆمەتر ڕێگای قیرتاوکراوی دەرەوەی شارەکان، 2,234 کیلۆمەتری لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە. لە بەرامبەردا، بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا 1,511 کیلۆمەتر ڕێگا قیرتاو کراوە، ئەمەش نیشانەی نایەکسانییە لە دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا.
بودجەی پڕۆژەکانی شارەوانی
لە پڕۆژەکانی شارەوانیدا، جیاوازییەکە قووڵتر دەبێتەوە. لە سنووری هەولێر و دهۆک 4,340 پڕۆژە بە تێچووی 3.881 (سێ تریلیۆن و هەشتسەد و هەشتا و یەک ملیار) دینار بڕیاریان لێدراوە. بەڵام بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، تەنیا 972 پڕۆژە بە تێچووی 1.721 (تریلیۆنێک و حەوتسەد و بیست و یەک ملیار) دینار بڕیاریان لێدراوە. ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە ژمارەی پڕۆژەکانی هەولێر و دهۆک زیاتر لە 4 هێندەی پڕۆژەکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە.
دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان
لە کەرتی گلدانەوەی ئاودا، جیاکارییەکە بە ڕوونی دیارە. لە کۆی 9 (نۆ) پۆند و بەنداوی دروستکراوی ئەم کابینەیە، 7 (حەوت) دانەیان بۆ سنووری هەولێر و دهۆک تەرخانکراون. لە کاتێکدا تەنیا 2 (دوو) بەنداو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان جێبەجێ کراون. ئەم دابەشکارییە نادادپەروەرانەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاسایشی ئاوی ناوچەکان هەبووە.
داهاتی سلێمانی و بودجەی خزمەتگوزاری
ئەم جیاکارییانە لە کاتێکدایە کە پارێزگای سلێمانی 38%ـی کۆی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و هەموو مانگێکیش بڕی 10,260,000,000 (دە ملیار و دووسەد و شەست ملیۆن) دینار لە پارەی مووچەی ئەم پارێزگایە بۆ بودجەی سەروەری دەبڕدرێت. سەرباری ئەم پابەندییە داراییانە، حکومەت جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی لە سلێمانی تەنیا بەستووەتەوە بە داهاتی ناوخۆی خودی پارێزگاکە و بەشێکی شایستەی لە بودجەی گشتی پێنەداوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا