کابینەی نۆیەم؛%65 ی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان بۆ هەولێر و دهۆک و تەنیا %35 بۆ سلێمانی و هەڵەبجە بووە
داتاکانی کابینەی نۆیەم لە ماوەی 7 ساڵی تەمەنیدا، جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان شارەکان لە ڕووی ژمارەی پڕۆژە و بڕی بودجە نیشان دەدەن، کە تێیدا ناوچەیەک بودجەی زەبەلاحی بۆ خەرجکراوە و ناوچەکانی دیکەش بەهۆی بێبودجەییەوە پڕۆژەکانیان وەستاوە.
پڕۆژەکانی ڕێگاوبان لە سەرتاسەری هەرێم
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کابینەی نۆیەم لە ماوەی 7 ساڵی تەمەنیدا، 1,271 پڕۆژەی ڕێگاوبانی دەرەوەی شارەکانی بە گوژمەی 5 (پێنج) تریلیۆن و 322 ملیار دینار جێبەجێ کردووە. بەڵام وردبوونەوە لە داتاکان دەریدەخات کە دابەشکردنی ئەم بودجەیە لە نێوان پارێزگاکاندا هاوسەنگ نەبووە.
هەژموونی هەولێر و دهۆک بەسەر بودجەی ڕێگاوبانەکاندا
ئامارەکانی حکومەت نیشانی دەدەن کە زیاتر لە 65%ـی پڕۆژەکان و نزیکەی 60%ـی کۆی بودجەی ڕێگاوبانەکان بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک و ئیدارەکانی زاخۆ و سۆران تەرخانکراون. لەم ناوچانەدا بە درێژایی 3,892 کیلۆمەتر ڕێگای دەرەوەی شار بڕیاری جێبەجێکردنیان بۆ دراوە و بڕی 3 تریلیۆن و 185 ملیار دیناریان بۆ خەرجکراوە.
پەککەوتنی پڕۆژەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە
لە بەرامبەردا، بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، تەنیا 2,050 کیلۆمەتر ڕێگا بڕیاری لێدراوە. هەرچەندە بڕی 1 تریلیۆن و 863 ملیار دینار بۆ ئەم ناوچانە دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی کەمیی پارەی نەختینەیی (کاش) لە بانکەکانی سلێمانی، بەشێکی زۆری ئەو پارەیە خەرج نەکراوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆرینەی پڕۆژەکان بوەستن یان کارکردن تێیاندا بە سستی بەڕێوەبچێت.
دابەشبوونی پڕۆژە و بودجە بە ژمارە:
ڕێژەی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان:
- هەولێر + دهۆک + زاخۆ + سۆران: 65%
- سلێمانی + هەڵەبجە + گەرمیان + ڕاپەڕین: 35%
بودجەی پڕۆژەکان:
- هەولێر + دهۆک + زاخۆ + سۆران: 60% (3.185 تریلیۆن دینار)
- سلێمانی + هەڵەبجە + گەرمیان + ڕاپەڕین: 40% (1.863 تریلیۆن دینار)
1 کاتژمێر پێش ئێستا